PeyamaKurd - مەسروور بارزانی گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی کردەوە
لە چوارچێوەی گرینگیدانی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توانای گەنجان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ داهێنانەکانیان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە، کە لە لایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت.
ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەرگایەکی نوێ بە رووی گەنجاندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا.
ناوەندەکە بە سیستەمێکی نێودەوڵەتی و بە بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوەدەبرێت، لە ماوەی ئەزموونی سەرەتایی خۆیدا توانیوویەتی سەرنجی ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەنجان رابکێشێت: ئێستا خاوەنی زیاتر لە هەزارو 400 ئەندامە و پتر لە 12 هەزار کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، سەرباری ئەوەی، لە ماوەی کارکردنی ئەزموونیدا، 129 هەزار سەردانیکاری هەبووە. جگە لەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکە بێ بەرامبەر (بە خۆڕایی) پێشکەش دەکرێت.
ناوەندی گەنجانی کوردستان فاوندەیشن کۆمەڵێک دەرفەتی جۆراوجۆر لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، کارسازی، فێربوون و پەرەپێدانی پیشەیی دابین دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە درووستکردنی سەکۆیەکە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بتوانن تێیدا تواناکانیان پەرەپێ بدەن و بەشدارییەکی کاریگەر لە ئاوەدانکردنەوە و پێش خستنی کۆمەڵگەدا بکەن.