PeyamaKurd - نێچیرڤان بارزانی لە پەیامی نەورۆزدا : ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانیان دەکات و دەڵێت، ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان، بۆ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى. گوڕ و تینى به‌هێزمانه بۆ ئه‌وه‌ى بەئیرادەیه‌كى نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فیدراڵى و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.
دەقی پەیامەکەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
گەلی کورد و كوردستانییانى ئازیز لە هەر کوێی جیهانبن، بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.
نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگری نەتەوەیەک کە هه‌میشه به ئیراده‌یه‌كى به‌هێزه‌وه به‌ره‌نگارى ستەم بووه‌ته‌وه و هه‌رگیز ڕاده‌ست نه‌بووه. نەورۆز هێمای تێکشکانی تاریکی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەى مێژووە کە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەکێک ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی کورددا بکوژێنێتەوە.
ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆكۆڵنهدان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان، بۆ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى. گوڕ و تینى به‌هێزمانه بۆ ئه‌وه‌ى بەئیرادەیه‌كى نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فیدراڵى و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانى لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیارییه‌تی مێژوویی یەوە کار بکەین تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتی خوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیری دا دەتوانین داهاتوویه‌كى باشتر بنیات بنێین.
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، وێڕاى دەستخۆشی له هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى، دووپاتی دەکەینەوە کە له‌م دۆخه‌دا هاریكارى و هه‌ماهه‌نگی زیاترى هه‌ولێرـ به‌غدا و جێبەجێ کردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەفاکتەری ئارامی و سه‌قامگیرى دەمێنینەوە و دەستی لێكگه‌یشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.
هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى كوردستان،
داواتان لێ دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی ووریایی یەوە ڕەچاوی سەلامەتی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكه‌ن. بەتایبەتى لەم ڕۆژگارەدا کەناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە لێکەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زیاتر ئاگادارى خۆتان بن.
ده‌بێ پابەندی ڕێنمایی یەکانی هاتووچۆ و لایەنەپەیوەندیدارەکان بن، تاکوو ئەم جەژنە بە ئارامى و سەلامەتی بكه‌نه‌وه و هیچ ناخۆشییەک یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەکات. پاراستنی ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نیشانەی شارستانی بوونی ئێمەیە و ده‌بێ پابه‌ندى بین.
نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادەدەکەنەوە. خواى مه‌زن ئێوه هه‌مووتان و گه‌ل و نیشتمانمان بپارێزێت و ئاشتى و ئارامى و دڵنیایى؛ باڵبه‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان و ته‌واوى مرۆڤایه‌تی دا بكێشێت.
جەژنتان پیرۆز، هەموو ساڵێک بە خۆشى و كامه‌رانى.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/20