PeyamaKurd - هاوسەرۆکی پژاک : چاومان بە بەرپرسانی ئەمریکا کەوتووە، بەڵام دیدارەکان تەنها بۆ ناساندنی دیدگا و ئامانجە سیاسییەکانی ئێمە بووە
ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیندیپێندێنت: وەک پژاک چاومان بە بەرپرسانی ئەمریکا کەوتووە، بەڵام دیدارەکان تەنها بۆ ناساندنی دیدگا و ئامانجە سیاسییەکانی ئێمە بووە.
بەشێک لە قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک؛
پژاک هیچ پاڵپشتییەکی لە هیچ دەوڵەتێکەوە وەرنەگرتووە، بەتایبەت لە ئەمریکا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گفتوگۆیانەی پژاک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داون، لە چوارچێوەی “ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ناسیندا بووە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ئامانج و دیدگا سیاسییەکانی پارتەکە”، جەختیشی کردەوە کە پژاک بە ڕوونی هەڵوێستەکانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕیوە.
تا ئێستا سیاسەتێکی ستراتیژی ڕوون لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نابینێت سەبارەت بە پرسەکانی وەک داهاتووی ئێران، دیموکراسی و پرسی کورد. هەروەها بەرنامەیەکی دیاری کراو نەخراوەتە ڕوو کە ئایا واشنتن لە ئێرانی داهاتوودا پاڵپشتی لە سیستەمێکی دیاریکراو یان سیستەمێکی نامەرکەزی دەکات، یان “ئایا پێگە و شوێنی خەباتی گەلی کوردستان لە داهاتووی ئێران دا جێگیر دەبێت یان نا”.