PeyamaKurd - هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ١٥٠٠ کارگەوە پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم گرینگی زۆری بە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی داوە و ئێستا لە ڕێگەی زیاتر لە ١٥٠٠ کارگەوە، بەشێکی بەرچاوی پێداویستییەکانی خۆراک و کەلوپەلی تر لە ناوخۆدا دابین دەکرێن.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ''کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی ستراتیژی بە بەرهەمی ناوخۆ و دابین کردنی ئاسایشی خۆراک داوە، لە ئێستادا ٥٠٠ کارگەی گەورەی پیشەسازی وەبەرهێنان و زیاتر لە ١٠٠٠ کارگەی تری مامناوەندی سەر بە وەزارەتی بازرگانی لە هەرێمدا هەن، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دابین کردنی پێداویستییەکانی بازاڕ.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو تەنگەژە و دۆخە نالەبارانەی لە جیهان و ناوچەکەدا درووست بوون، کاریگەرییان هەبووە، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەرێمی کوردستان بەهۆی پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی لە دۆخێکی باش دایە و گرفتی کەمی کاڵای نییە.
دکتۆر محەممەد شوکری ووتیشی، ''ئێمە گەورەترین کارگەی پیشەسازیمان لە بوارەکانی خۆراک، بیناسازی و پیشەسازی تردا هەیە. ئامانجمان ئەوەیە لەبری هاوردەکردن، بە تەواوی پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستین و پرۆسەی بەرهەمهێنان لە ناو هەرێمی کوردستان دا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە بکات.