PeyamaKurd - هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران لە هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هێزەکانی سوپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە دانیشتووانی ناوچە هاوسنوورەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە کە هەر جۆرە هاتوچۆیەکیان لە هێڵی سنووریدا قەدەغەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان"، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی وەک "پاوە"، "مەریوان"، "بانە" و "سەردەشت"بە دانیشتووانیان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، هێزە نیزامییەکان مافی تەقەکردنیان هەیە و لە ئەگەری بینینی هەر جۆرە هاتووچوویەک دا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەختە دەستڕێژی گوللە دەکەن.
بە ووتەی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور و سوپای پاسداران بنکە فەرمییەکانیان چۆل کردووە و لە مزگەوتی گوندەکان و هەروەها بەرزاییە شاخاوییەکاندا جێگیر بوونە.
هەڕەشەکان سەبارەت بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیان، بووەتە هۆی درووستبوونی نیگەرانییەکی بەربڵاو لە نێوان دانیشتووانی گوندە سنوورییەکاندا.