وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ووڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ووڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

PeyamaKurd - وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ووڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ووڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە دوای ئەوەی بڵاوی کردبووەوە کە گوایە ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە بەشێکی نەوتی عێراق بەڕێگەی بۆڕی بۆ تورکیا بنێردرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ٦ خاڵ وەڵامی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق کە بریتییە لەمانەی خوارەوە:-

١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا ھەموو ڕەھەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و ھەوڵی تۆمەتبارکردنی ھەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

٢- حکوومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلووقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، ھیچ جوولەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ ھەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە ھەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

٣- میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، ھەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت و گاز و ووزەی ھەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم ھێرشە تیروریستیانەدا، بەرھەمھێنان وەستاوە و ھیچ بەرھەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا ھەناردەی دەرەوە بکرێت.

٤- بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو ھێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا ھیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم ھێرشانە.

٥- بەشێکی زۆری ئەم ھێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان ھەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

٦- ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بونیادنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و ھەوڵ دراوە ئەجندای نا دەستووری و نا یاسایی لەسەر ھەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی ھەرچی زووترە، تیمە پسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە ھەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٣/١٥