PeyamaKurd - پارێزگارانی هەولێر و دهۆک سەردانێکی فەرمی دەکەن بۆ شاری ئامەد
دووشەممە 2026.5.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەسەر بانگهێشتی فەرمی هاوسەرۆکانی شارەوانی گەورەی شاری ئامەد گەیشتنە ( دیار بەكر ) و لەلایەن ئایشە سێرا بووجاک کووچووک و، دۆغان هاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانی گەورەی دیاربەکر (ئامەد) و شاندی یاوەریان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

ئەم سەردانە فەرمییە بە مەبەستی بەشداری کردنە لە "کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی" کە بڕیارە لەنێوان 12 بۆ16ی ئایاری 2026 لەژێر درووشمی "پێکەوە" (Bi Hev Re) لە شاری ئامەد ( دیاربەكر ) بەڕێوەبچێت.
کۆڕبەندەکە ئامانجی سەرەکی درووست کردنی زمانێکی هاوبەشی هیوا، بونیادنانی ئاشتی و کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانە. کارنامەی چالاکییەکان چەندین وورکشۆپ، پانێڵ، پێشانگا، کۆنسێرت و ڕێ پێوانی یادکردنەوە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، مافەکان، ژنان و ئێکۆلۆژی لەخۆ دەگرێت و بەشداری کردنی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەم چالاکییەدا، وەک هەنگاوێکی گرینگ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە قەڵەم دەدرێت.