PeyamaKurd - پارێزگاری هەولێر ووردەكاری قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی دەخاتەڕوو
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیژی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەواو کراون. ئەم پڕۆژەیە کە بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت، ئامانجی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی کەرتی کشت وکاڵییە لە دەورووبەری پایتەخت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت دا ڕایگەیاند : لە ئێستادا کارکردن لە قۆناغی یەکەمدا کە دەکەوێتە پشت شەقامی 150 مەتری (لە نێوان ڕێگەی پیرمام و بەحرکە)، لە قۆناغی کۆتایی دایە. گرینگترین خاڵەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە چاندنی 500 هەزار داری زەیتوون و بەکارهێنانی بەرهەمەکان بۆ پیشەسازی خۆراک و بەرهەم هێنانی زەیتی زەیتوونی ناوخۆیی.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە لە قۆناغی دووەم دا جەخت لەسەر چاندنی داری فستەق دەکرێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئابووری دەبیندرێت، چوونکە هەولێر دەخاتە سەر نەخشەی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی فستەق لە ناوچەکەدا و سەرچاوەیەکی نوێی داهات و هەلی کاریش بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابین دەکات.
پارێزگاری هەولێر ووتیشی، "ئەم پڕۆژە ژینگەیی و ئابوورییە لە 8 قۆناغی جیاواز پێکدێت و تەواوی چواردەوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە. بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەش لە ڕێکەوتی 2025/10/30 لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانرا وەکوو بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش وهەوا و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.