پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

PeyamaKurd - پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

هەینی، سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2726ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات دەكەم. هەروەها جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەی جیهان و ناوچەكە پیرۆز دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە فەرهەنگ و مێژوویان. هیوادارم ساڵێكی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكان دا بووە. ئەمە وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بەردەوامبوون و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی لە مێژووی گەلی كوردستان دا ڕەگی قووڵی داكوتاوە.

نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری و ئاڵۆزی و گرژی زۆر لە ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی. لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن و پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی ووڵاتەكەمان بن.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە شادی و كامەرانی بەڕی بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە دوور لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامی دا بژیین.

 

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بەخێر وخۆشی

 

مەسعوود بارزانی

29ی ڕەشەممەی 2725ی كوردی  

20ی ئاداری 2026