PeyamaKurd -
ڕاگەێندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ەوە
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەێندراوێکی سەبارەت بەو ھێرشەی کرایە سەر بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگە راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی سێشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بوو بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنە بەری ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و بەردەوامیش جەختمان لەسەر سیاسەتی ئاشتی خوازانەی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو دەستدرێژییانە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوکات داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەک وتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦