PeyamaKurd - ڕێبەر ئەحمەد : هەر ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی ئیرادەی کەرکووکییەکان بێت ڕەتی دەکەینەوە
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا دوایین هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی سەبارەت بە پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردنەکان خستەروو.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕێز لە هەڵوێستی ئەو لایەنانە بگرن کە وەک براوەی هەڵبژاردن دەستنیشان کراون. راشیگەیاند، "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک لایەنێکی سەرەکی لە ئیدارەدانی کەرکووک، هەمیشە ئومێدمان وابووە ئیدارەیەکی شەرعی بەگوێرەی ویست و خواستی خەڵکی کەرکووک پێک بهێندرێت."
ڕێبەر ئەحمەد تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێشوویان و ووتی، "لەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو کەرکووک لیژنەیەکی دانوستانمان پێکهێنا و چەند کۆبوونەوەیەکیش بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ ئەنجام دران، ئامانجمان ئەوە بوو لێکگەیشتنێکی گشتگیر لە نێوان کورد، تورکمان، عەرەب و پێکهاتەی مەسیحی درووست ببێت."
سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە ئەنجام دراوە، ڕێبەر ئەحمەد بە تووندی رەخنەی گرت و ووتی، "ئەو ڕێککەوتنەی چەند گرووپ و لایەنێک لە هۆتێل رەشید ئەنجامیان دا و بە 'ئیدارەی هۆتێل رەشید' ناسراوە، لای ئێمە بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە. هەر ڕێککەوتنێک بەدەر لە شەرعییەت و ئیرادەی دەنگدەری کەرکووک بێت، لای پارتی پەسەند نییە."
ئەندامی کۆمیتەی پارتی جەختی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بەو هەڵوێستەی و ووتی، "هەر شتێک لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هۆتێل رەشید دروست بکرێت، ئێمە ئەنجامەکانی ڕەت دەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ناکەین کە لەسەر ئەو بنەمایە ڕێکخرابێت."
ووتیشی، "هەڵوێستی پارتی ئەوەیە کە دەبێت کەرکووک بۆ خەڵکی کەرکووک بێت و ئەو ئیدارەی کە لەوێ دروست دەکرێت، نوێنەرایەتی شەرعییەتی دەنگدەری کەرکووک بکات. ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد کە گرنگ نییە کێ پارێزگارە و کێ دەبێتە پارێزگار، گرینگ ئەوەیە هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان کۆک بن لەسەر ئەوەی بەرپرسیار دەبن لەسەر ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانی کەرکووک نوێنەرایەتی هەموو خەڵک بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، باسی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ماوەی ڕابردوو بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد. ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا و هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ووڵاتانی دراوسێ. ڕێبەر ئەحمەد داوای کرد، چیتر خاکی هەرێم نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان، چونکە ئەو هێرشانە جگە لە زیانی ماددی، بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل، ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە.
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ڕێبەر ئەحمەد داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن. گوتیشی پێویستە گفتوگۆکان خێرا بکرێن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، تاوەکو حکوومەتێکی بەهێز پێکبێت کە بتوانێت خزمەتگوزارییەکان بە باشترین شێوە بگەیەنێتە هاووڵاتیان و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات.
ڕێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و جێ بەجێ کردنی ماددەی 140دا چارەسەر دەبن، و پارتیش لەسەر ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەی خۆی بەردەوام دەبێت.