ئەپڵ ChatGPT بۆ ئایفۆن زیاددەكات

ئەپڵ ChatGPT بۆ ئایفۆن زیاددەكات

کۆمپانیای ئەپڵ رۆژی دووشەممە پەردەی لەسەر خستنەكاری ستراتیژی زیرەکیی دەستکرد لادا کە دەمێكە چاوەڕوان دەکرا و، دەڵێت، ئامرازەکانی لەسەر بنەمای ئەم تەکنەلۆجیایە لەژێر ناوی “زیرەکیی ئەپڵ” لە سەرانسەری کۆمەڵە بەرنامەکانیدا یەكدەخات، لەنێویاندا یاریدەدەری دەنگی (Siri).

ئەمەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە هاوبەشییەکی لەگەڵ Open AI راگەیاند بۆ یەکخستنی بەرنامەی (چات جی پی تی- ChatGPT) لە ئامێرەکانیدا.

دروستكەری مۆبایلی ئایفۆن لەڕێی ئەم هەنگاوانەوە دەیەوێت دووپاتیبكاتەوە كە كێبڕكێی زیرەكیی دەستكردی لە بەردەم مایكرۆسۆفتدا نەدۆڕاندووە، سەرەڕای ئەوەی وا دەردەكەوێت هەندێك گەڕی دۆڕاندبێت.

راگەیاندنی ئەو بەرنامە نوێیەی زیرەكیی دەستكرد لە كۆنگرەی جیهانیی گەشەپێدەراندا بوو، هاوشانی خستنەڕووی نوێترین سیستمی كارپێكردنی ئامێرەكانی.

ئەو تایبەتمەندییە نوێیە رێگە بە بەكارهێنەران دەدات دەقەكان كورتبكاتەوە و ناوەرۆكی نوێی لێبەرهەم بهێنێت، وەك وێنەی جوڵاوی تایبەت بۆ هەندێك كاروبار، بۆ نمونە پیرۆزبایی یادی لەدایكبوونی هاوڕێیەك.

ئەپڵ ئەوەشی وت، دانانی (چات جی پی تی) لە ئامێرەكانیدا لە كاتێكی دیكەی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت و تایبەتمەندییەكانی دیكەی زیرەكیی دەستكردیش دواتر دەخاتەگەڕ.

روونیشیكردەوە، گەیشتنە رۆبۆتی بەناوبانگی چاتكردن بێبەرامبەر دەبێت و زانیاریی بەكارهێنەران تۆمارناكرێت.

كۆمپانیاكە نوێكردنەوەی (سیری)یشی بە تەكنیكی زیرەكیی دەستكرد ئاشكراكرد كە تایبەتمەندیی زیاتر دەداتە یاریدەدەری دەنگییەكە و، لەمیانەیدا سیری سوود لە شارەزایی (چات جی پی تی) دەبینێت و داوای خواست لە بەكاربەر دەكات بەر لە پشتبەستن بە خزمەتگوزاریی (ئۆپن ئەی ئای).