گوگڵ ئامرازێکی نوێی دروستکردنی ڤیدیۆی بە ناوی ڤیۆ راگەیاند

گوگڵ ئامرازێکی نوێی دروستکردنی ڤیدیۆی بە ناوی ڤیۆ راگەیاند

لە کۆنفرانسی گەشپێدەرانی گوگڵ (ئای ئۆ 2024 )، کۆمپانیاکە پەردەی لەسەر ژمارەیەک بەرهەم و ئامڕازى نوێی ژیری دەستکرد لادا، کە تایبەتە بە دروستکردنی ڤیدیۆ.

ئامرازە نوێیەکە ناوی "ڤیۆ"یە و لەرێگەی پێدانی تێکستەوە، ڤیدیۆیەکی یەک خولەکی بە کوالێتی 1080 پێکسڵ بەرهەمدەهێنێت.

ئامڕازەکەى گوگڵ، بە رکابەری ئامڕازى ژیری دەستکردی "سۆرا"ی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای دادەنرێت، کە ئەویش تایبەتە بە دروستکردنی ڤیدیۆ بە ژیری دەستکرد لەڕێگەی تێکستەوە.

دێمیس هەسابیس، بەرێوەبەری بەشی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکردی کۆمپانیای گوگڵ، گوتى "دەمانەوێت ئامرازەکە کارەکانی وەکو دروستکردنی ستۆریی بۆرد و دروستکردنی ڤیدیۆی درێژتر و بەهێزتر بکات". گوتیشی "پێشکەوتنێکی باوەڕپێنەکراویان لە بواری دروستکردنی ڤیدیۆدا بەدەستهێناوە".

ڤیۆ، کار بە مۆدێلی ژیری دەستکردی بەرهەمهێن دەکات، بۆ دروستکردنی ڤیدیۆکانی، پشتی بە راهێنانی پێشوەختە بەستووە، کۆمپانیاکە دەڵێت "ڤیدیۆکانی یوتیوب سەرچاوەیەکی باشی راهێنانی ڤیۆ بووە".

هاوکات، گۆڕانکاریی لە شێوازی گەڕان و ژیری دەستکردی زیاتری تێکەڵ بە خزمەتگوزارییەکانی وۆرک سپەیس کردووە.