بە چاودێری یونامی و بە بەشداری زۆربەی قەوارە و لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر، قەوارە و پارته سیاسییهكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "پهیمانی شهرهفی ههڵبژاردن" یان واژۆکرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمممە، پارتهكان بە چاودێری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا لیستی نەوەی نوێ نەبێت، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا (پهیمانی شهرهفی ههڵبژاردن)یان واژۆکرد.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا بەمەبەستی چاودێریکردنی بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، پهیمانی شهرهفی ههڵبژاردن واژۆدەکات، ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەبێ هیچ پێشێلکارییەک بەڕێوەبچێت، هاوکات هیچ لایەنێک تەشهیر بە لایەنی بەرامبەری نەکاو ناوزڕاندن روونەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای واژووکردنی ئەو پەیماننامەیە، یونامی ژوورێکی تایبەت بە نوێنەرایەتی یونامی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، نوێنەرانەی سەرجەم ئەو لایەنانەی پەیماننامەکەیان واژۆکردووە، لەگەڵ نوێنەری دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی دادوەری پێکدەهێنێت، پێکهێنانی ژوورەکە بەمەبەستی چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنە تاوەکو دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرچوونی ئەنجامەکانیش، هەر پێشێلکارییەک بکرێت ئەوان تۆماری دەکەین.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12-05-2018 بەڕێوەبچێت، لەکۆی 329 کورسی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان 46 کورسی بەرکەوتوون. 25 قەوارە لە هەرێمی کوردستان بەشدارن و 19 لەوان حیزبن، چواریان هاوپەیمانێتین و دوویان پاڵێوراوی سەربەخۆن. بۆ مەراسیمەکەی ئەمڕۆ سەرجەمیان بانگهێشتکرابوون، تەنیا لیستی نەوەی نوێ ئامادەنەبوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە