ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ ... کار بۆ نەهێشتنی جیاوازی لە مووچەی پێشمەرگە دا دەکەین

ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ ...  کار بۆ نەهێشتنی جیاوازی لە مووچەی پێشمەرگە دا دەکەین

پەیامی کورد  ...   ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەینێت، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان مووچەی پێشمەرگەدا هەیە و كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو جیاوازییە نەهێڵن. دەشڵێ: "دەمانەوێت دووبارە دەست بە پلەبەرزكردنەوە بكرێت و كاریش بۆ ئەوە دەكەین كە رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت".

رێڤینگ هرووری، رایگەیاند: "لیژنەكانی ناو پەرلەمان كۆ بوونەتەوە و گفتوگۆ و ئامادەكاری دەكەن بۆ پاش پێكهێنانی حكوومەت بۆ ئەوەی دەست بە پەسەندكردنی هەندێك پرۆژە بكرێت و بە تایبەت پڕۆژەی چاكسازی پەسەند بكرێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیە جێبەجێ كرا، مووچە و جیاوازیی مووچە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و خانەنشینان و پلە باڵاكان چارە دەكرێن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ: "ئێمە وەكو لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە بەرنامەماندایە ئەو پرۆژانە بخەینە كار، جا لەم وەرزەدا بێت، یان وەرزی داهاتووی پەرلەمان بێت، چونكە پێشمەرگە توێژێكی كەمدەرامەتە و مووچەكەیان لە هەموو مووچەكانی دیكە كە دەدرێن كەمترە، پێشمەرگە زۆر مەغدوورە، جیاوازیی زۆر لە نێوان مووچەی پێشمەرگەدا هەیە لە یەكەیەكەوە بۆ یەكەیەكی دیكە، هێزەكانی ناوخۆش هەر بەو شێوەیە، بەرزكردنەوەی پلەكانی پێشمەرگەش هەر بەو شێوەیە لە ساڵی 2014 تا ئێستا بەرز نەكراونەتەوە، هەروەها زۆر پێشمەرگە هەنە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پێشمەرگە بوونە و تا ئێستا پلەكانیان بەرز نەكراوەتەوە، لەناو هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایشدا لەبەر ئەوەی كە بڕوانامەیان نەبووە، مووچەیەكی كەمیان پێ دەدرێت، ئەوە هەموو پێویستی بەوە هەیە كە چاكسازی بكرێت، یان ئەو جیاوازییەی كە لە نێوان مووچەی ئەواندا هەیە نەمێنێت، هەروەها بۆ خانەنشینانیش دەبێت شتێك بكرێت كە بە دڵی ئەوان بێت، بۆیە زۆر پڕۆژەی باشمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش پێیە، ئەگەر ببنە یاسا لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەبن، بۆیە هیوادارین لە زووترین كاتدا حكوومەت پێك بێت، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو لیژنەكانی پەرلەمان بتوانین كاری خۆمان بكەین".

هرووری، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێشمەرگە پێویستی بە رۆژێك هەیە، كە تایبەت بێت بە ئەوان و شانازی بەو رۆژەوە بكەن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە