کوردستان تازیەبارە بەڵام
تێشکاو نیە، خەمبارە بەڵام داماو نیە.
ئەمڕۆ هەواڵی لە سێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی بڵاو بووەوە، ئەمڕۆ دڵی ڕامین لە لێدان کەوت، بەڵام هەزاران هەزار دڵ بۆی کەوتنە لێدان.
بەڵام لەراستیدا ئەو ساڵێک بوو دەست و پەنجەی لەگەڵ مەرگ نەرم دەکرد، ساڵێک بوو ڕاستەوخۆ دەیڕوانیە سیمای تۆقێنەری مەرگ و شەو و ڕۆژ، لە خەو و بێداریدا، خۆی ڕادەهێنا کە لەکاتی ململانێی کۆتایی لەگەڵ ئەو دێوەزمەیەدا بتوانێ بەدڵنیایی و سەربەرزییەوە بەسەریدا سەرکەوێت. سەرەنجامیش ڕامین بوو کە مەرگیبەزاند، چوونکە ترس لە مەرگی بەزاند. سیحری دێوەزمەی مەرگ، ترساندن و تۆقاندن و چۆک پێدادانی حەریفانیەتی. ڕامین ئەو سیحرەی بەتاڵ کردەوە و ئەو چەکەی لەدەست مەرگ داخست. ڕامین نەک هەر بۆخۆی بەڵکوو بۆ هەزاران لاوی شۆڕشگێڕ، سامی مەرگی شکاند.
کورد سەری زۆر لە شۆڕەسوارانی خۆی بە پەتی سێدارەوە دیوە، خۆشبەختانە ئەمجارەش دوژمن سەرمانی بە شۆڕی نەبینی.
پرسە و سەرەخۆشی دڵی پڕ لە کوڵم پێشکەش بە دایە شەریفە و خاڵۆ میرزا و هەموو خوشک و براکانی و هەموو بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری حسێن پناهی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. هەروەها سەرەخۆشی لە دایک و بنەماڵەی بەڕێزی زانیار و لوقمانی مرادیش دەکەم کە ئەوانێش بە سێدارەی دوژمن گیانیان لەدەست دا.
لە کۆتاییشدا داوا لە چالاکانی مەدەنی ناوخۆ و هەموو دۆستان و دڵسۆزان دەکەم بەهەر شێوەیەک کە بەگونجاوی دەزانن و هەرچندی لە توانایان دایە لە گرتنی رێ و رەسمی ڕێزگرتنی بەجەماوەر و هێمنانە لە رامین و هەر وەها لە زانیار و لوقمانی مرادی درێغی نەکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە