لە بابەتی رۆژئاڤا ئەرکەکەی 1992 بە ئۆجەلان درا، بەڵام …
لە هەفتەکانی دواییدا بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تورکیاوە، تێگەیشتنێکی وەها لە ڕای گشتیدا دروست بووە کە حکومەت پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ، ئەویش لە رێی لەناوبردنی هێزەکانی پەکەکە.
یەکەم ئاماژە لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەییەوە هات.
باخچەلی، سەرەتا رۆژی 1ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا، دەستی تەوقەی بۆ ئەندامانی دەم پارتی درێژکرد و پاشان رۆژی 12ی تشرینی یەکەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیریی خۆی بۆ باخچەلی دەربڕی.
باخچەلی رۆژی 24ی تشرینی یەکەم گەیشتە ئەو رادەیە کە گوتی "با گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە پەرلەمان قسە بکات". دواتر سێ چاوپێکەوتنی "یاسایی" لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدرا. بەو کەسانەی کە چوونە ئیمرالی گوترا "شاندی ئیمرالی".
لێرەدا گرنگ ئەوەیە تێبگەین ئەو دەستپێشخەرییە چییە کە پێی دەگوترێت "پرۆسەی نوێ"؟
سەرەتا پێویستە بیر لەوە بکەینەوە، پشتگیریکردن لە هەموو هەوڵێک کە ئامانجی ئاشتی و سەقامگیری بێت، بنەمایەکی مرۆییە و پێویستە پشتگیری بکرێت. بەڵام کاتێک چاودێریی گۆڕانکارییە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسی دەکەین، پێویستە ئەم پرسیارە بکەین: "ئایا هەر بەجددی ئامانج دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێیە کە خزمەتی چارەسەر بکات، یان دووبارە فریودانی کوردە؟"
بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی ئەم بابەتە، تەنیا سەیرکردنی نەخشەی ڕێگەی تورکیا لە سووریا بەسە.
واتە، ئەو تورکیایەی پشتگیریی دەسەڵاتگرتنی ئەو تیرۆریستانە دەکات کە لە هەموو جیهاندا بە دوایاندا دەگەڕێن و رازییە لەگەڵیان ببێتە هاوپەیمان، لەگەڵ ئەو کوردانەدا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەیەکی بێ ئامان کە دەستی ئاشتییان بۆ درێژ کردووە. لەکاتێکدا ئەو کوردانە بە بەرەنگاربوونەوەیان لە دژی داعش مێژوویان تۆمار کردووە و لە دڵی جیهاندا جێگەی خۆیان کردووەتەوە...
تورکیا کاتێک ئەمە دەکات، وەک هەمیشە بە کوردان دەڵێت رۆژئاوا "دوژمن"ە و خۆیان "برای ئایینی"ن. هەروەها ئەو کوردانە کارا دەکات کە سەر بە (تورکیا) خۆین.
مێژوو دووبارە دەبێتەوە
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەردوو بەرەی تورکیا و سووریادا (لە ڕوانگەی کوردەوە) ڕوودەدات، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕووداوەکانی 1992 نییە.
واتە؛ هەرچەندە ناوەکان جیاوازن، بەڵام سیناریۆکە وەک خۆی ماوەتەوە.
چۆن؟
دۆخی ئەمڕۆی رۆژئاوای کوردستان جیاواز نییە لەو دۆخەی کە باشووری کوردستان لە 1992دا تێیدا بوو. لەو کاتەدا تورکیا دیسان تووشی دڵەڕاوکێ ببوو و هەوڵی دەدا "بارزانی و تاڵەبانی کە بە دوو سەرۆک هۆز دەیبینین" رێگریان لێبکات.
ئەنقەرە لەو کاتەشدا هەوڵی دەدا ئەو کوردانە لە رۆژئاوا دوور بخاتەوە کە لەخۆی نزیکن.
هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە لەو کاتەدا جیاواز نییە لەو ئەرکەی کە ئەمڕۆ دەیانەوێت بۆ رۆژئاوا پێی بسپێرن.
زۆربەی کورد نایزانن بەڵام با بیریان بخەینەوە؛ لە ساڵی 1992 دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە باشوور، پەرلەمانێکی یاسایی و فەرمی لە هەولێر دامەزرا.
ئۆجەلان و پەکەکە، وەک تورکیا هەڵوێستی دوژمنکارانەیان هەبوو و پەرلەمانی یاساییان بە "بووکەڵەی ئیمپریالیزم" ناوبرد و لە شەقامەکانی ئەورووپا بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KUM)، "پەرلەمانێکی جێگرەوە"یان دروستکرد.
لە بڵاوکراوەی سەرخۆبوونی پەکەکە لە 1992دا نووسرابوو: "... بێگومان بوونی پارتەکەمان لەو ناوچەیەدا رێگرییەکی گەورەیە لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە جۆری ئیسرائیل. ئەگەر دەوڵەتێکی لەو جۆرە دروست بکرێت، بەتایبەتی سەرەتا دژی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان بەکاردەهێنرێت..." (سەرخۆبوون تشرینی یەکەمی 1992 /ژمارە 130)
پەکەکە بەشێک لە بەرپرسانی ئەو KUM-ەی ناردە باشوور (زاپ) و لەوێ "کۆماری زاپ"ی راگەیاند.
پەکەکە و ئۆجەلان کە هەمیشە دژایەتی پارتی و بارزانییەکانیان دەکرد گوایە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا، لە سەرەتای نەوەدەکاندا بە هەر هۆیەک بێت لەگەڵ تورکیا پێکەوە لە دژی پارتی و بارزانییەکان دەجەنگان.
دواتر، لەگەڵ ئێران و یەکێتی زەمینەی ناکۆکی ناوخۆییشیان دروستکرد. ئەم دۆخە بە دەستێوەردانی ئەمریکا ساڵی 1998 و 'ڕێککەوتنی واشنتۆن' کۆتایی هات.
ئەو ئەمریکایەی لەلایەن تورکیا و پەکەکەی ئۆجەلانەوە بە دوژمن دەناسرا، ئەمڕۆ ئاشتی بۆ کورد هێناوە و باشووری کوردستانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردووەتە لایەنێکی گرنگ.
**
بەڵێ مێژوو ئەمڕۆش دووبارە دەبێتەوە...
ئەو دۆخەی لە 1992 بۆ باشوور هەبوو، ئەمڕۆ لە رۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە.
هەرچەندە هەڵبژاردنی پەرلەمان ناکرێت، بەڵام دەستکەوتی کوردی زیاتر هەیە لەو دەستکەوتانەی کە باشوور لە ساڵی 1992 بەدەستی هێنا.
تورکیا وەک ساڵی 1992 ئەمڕۆش وەک تۆپەڵە ئاگر وایە.
وەک چۆن لەو کاتەدا 'سەرۆک هۆزەکان'یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبار دەکرد، ئێستاش هەموو رۆژێک کوردەکانی رۆژئاوا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن و لەگەڵ هەڕەشەدا چەتەکانی سەر بە خۆیان بەرەو روویان دەنێرن.
ئۆجەلان لەم پرۆسەیەشدا وەک هەمیشە دیسان لە گۆڕەپانەکەدایە...
عومەر ئۆجەلانی برازای لە رۆژانی رابردوودا پەیامی مامی بە شێوەیەکی زۆر روون گەیاند، "ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، تەنانەت دەوڵەتێکی کوردیش دەکرێت دروست ببێت."
ئێستا رای گشتی بەرفراوان، کورد، تورک، هەموو چاوەڕێی 3,4 وشەن کە لە رۆژانی داهاتوودا (15ی شوبات) لە دەمی ئاپۆوە دەردەچێت.
بەڵام ئەمجارە پێشبینی ئەوەش ناکرێت کە پەکەکە چی دەکات. چونکە ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت چارەسەر نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە.
**
با ئێستا بڵێین چی روودەدات؛
دڵنیاین ئۆجەلان، ئەگەر چاوەڕوانییەکانی تورکەکانیش جێبەجێ نەکات، چەند قسەیەک دەکات کە دڵی تورکەکان خۆش بکات.
بۆ رازیکردنی پەکەکە کە بە ئاسانی ملکەچی پەیامەکانی نابێت، تا رادەیەک دەڵێت 'کورد لە ئیسرائیل، ئەمریکا و رۆژئاوا دوور بکەونەوە'.
بەڵام سیاسەتی دژە کوردی تورکیا، پشتیوانیکردنی لە رێکخراوەکانی وەک قاعیدە، بەرەی نوسرە، هەیئەی تەحریری شام و تەنانەت داعش بۆ دژایەتیکردنی کورد، بووەتە هۆی ئەوەی کورد زیاتر بە خۆیدا بچێتەوە...
رووی راستەقینە و سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەوێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر باش دەزانێت کە دەبێت لە لێدوانەکانیدا زۆر وریا و هەستیار بێت.
بەڵام کورد چیتر ئەو کوردەی جاران نییە.
کورد، ملکەچی لێدوانە چاوەڕوانکراوەکانی ئۆجەلانیش نابێت...
رۆژهات ئامەدی
15.02.2025
ئەم بابەتە 225 جار خوێندراوەتەوە