پەیامی کورد ... لەکاردانەوەیەکی نوێدا لەبارەى کێشەکانى پارتى دادو گەشەپێدانى تورکیا (ئاکپارتی)، ئالۆزی زیاتر دەکەوێتە ئەو پارتەو، سەرۆک وەزیرانى پێشووترى حکومەتى ئانکارا، لە مەراسیمێکى ناوخۆییدا ڕەخنە لە سیاسەتى سەرۆکى پارتەکەى و سەرۆککۆمار دەگرێت.
ئەحمەد داوود ئۆغلۆ، ئەندامێکى باڵاى ئاکپارتی باسى لەوە کردووە بەهۆى " قەیرانى ئابوورى و پەرەسەندنی ناکۆکییە سیاسییەکان و لەناوچوونى ئەخلاق، ووڵات هیوا لە دەست دەدات". داوود ئۆغلو، کە یەکێکە بووە لە کەسە نزیک و ڕاوێژکارەکانى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە ئاهەنگێکى بەربانگدا لە ئەنکەرا گووتى "دەکرێ دەسەڵات لەدەست بدەیت و، دووبارە بیبەیتەوە".
بە هۆى شکستهێنانى ئاکپارتى لە هەڵبژاردنەکانى شارەوانى ئیستەنبوڵ و، ئانکاراو ئەزمیر، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر ئەوکات ڕەخنەى تووندی لە ئەردۆگان گرت و، بەهۆکارى شکستەکەى هەژمار کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە داوود ئۆغلۆ، لەساڵى ٢٠١٦ لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەراوێزخراو، ناچار کرا بەوەى دەست لەکارکشانەوە پێشکەش بکات.
باسى لەوەش کردووە "یەک شت هەیە لە دواى لەدەستدانى چارەسەر بکرێت، ئەویش ئومێدە، ئەوانەش ئومێدیان لەدەستداوە، ناتوانن داهاتوویان هەبێت، پێویستە مەترسییەکان ببنە پاڵنەر". داواشى کردووە "دەستبەردارى داخستنى کۆمەڵایەتى بن، بە جۆرێک هێماى بەوەش کردووە کە کۆمەڵگە داخراوەکان بوونە هۆی دروستبوونى ڕەوشێکى خراپ وەک ڕووداوەکانى عێراق".
سەرۆک وەزیرانى پێشووتریش گووتویەتى؛ ئەوەی لەبەغداو موسڵ بینیم، شارەکان بۆ سەر چەند گەرەکێکى جیابووی داخراودا دەژێن، چەندین نەوەى جیاکراوەیان لێدروست بووە". لەماوەى ڕابردوو چەندین دەنگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى داوود ئۆغلو و عەبدوڵا گول، سەرکۆمارى پێشووى تورکیا کراوە، کە بەنیازن پارتێکى نوێ دابمەزرێنن، بەڵام تا ئێستا پرسەکە نەگەیشتووەتە ئاستى جێبەجێکردن، تەنها لە چوارچێوەى گفتوگۆییەکان ماونەتەوە.
ڕەخنەکانى داوود ئۆغلو دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى شارەوانى تورکیا، بەردەوام بووە لە ڕەخنەگرتنى ڕوون و ئاشکرا زۆربەشیان ئاراستەى ئاکپارتى و سیاسەتەکانى ئەردۆغان کراون. لەلایەکى دیکەشەوە بەشێک لە سەرکردەکانى ئاکپارتى بۆ کۆکردنەوەى ئەو شکستەى بە دەست هێناوە لە هەڵبژاردنەکانى ٣١ ئاداری ڕابردوو، کارەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بە سیاسەت و کارى سیاسی بکەنەوە.
گرنگترین ئەو ڕەخنانەى سەرۆک وەزیرانى پێشووتر ئاراستەى کردووە "ناڕەزاییەکانى ئاکپارتى بووە لە هاوپەیمانێتى لەگەڵ بزووتنەوەى نەتەوەیی، بۆ ئەوەى بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکان". ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە " چەندین کەسایەتى باڵاى ئاکپارتى لەدەورى داوود ئۆغلو کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەى گرووپێکى بەهێز دروست بکەن"، بەڵام دیار نییە ئەو گرووپە لەنێو ئەو پارتە دەبێت یاخود جیا دەبنەوە.
گرنگترین ئەو کەسایەتیانەش کۆکن لەسەر پرۆژەکەى داوود ئۆغلو، نەعمان کۆرتۆلۆش، بەشیر ئاتاڵای، جێگرى سەرۆکوەزیرانى حکومەتەکەى ئەردۆغان (٢٠١١ – ٢٠١٤). زۆربەى چاودێران لەسەر ئەوە کۆکن سەرەڕاى جیاوازی لەنێوان بەرەکەى گویل و داوود ئۆغلو، لەمەڕ دروستکردنى پارتێکى هاوبەش، بەڵام بە دوورى نازانن لەئەنجامدا هەردوو بەرە یەک بگرنەوە بۆ ئەوەى بەرامبەر پارتەکەى ئەردۆغان بووەستنەوە.
دەشڵێن "پرسى هەڵوەشانەوەى پارتى دادو گەشەپێدان، هەنگاوەکانى دەستى پێ کردووە، لە ماوەى داهاتووش گورزى بەهێزتری ڕووبەروو دەبێتەوە"، بەتایبەت لەدواى لەدەستدانى جەماوەرییەکەى لە نێوخۆى تورکیادا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە