پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی ٥ی ٢٠١٩ لە ئەنجامی نیگەرانیەكان بەهۆی درووستبوونی ئاڵۆزی لە دانووستانە ئابووریەكانی نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا ناجێگیری بەخۆوە بینی.
پاش بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ زیادكردنی باج لەسەر كەلوپەلی چین و كاردانەوەكانی چین لەوبارەیەوە، نیگەرانیەكان لەبارەی دابەزینی ئاستی گەشەی ئابوری و بازرگانی جیهان لە زیادبوندایە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 4 سەنت بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 71.28 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.
هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 0.3 سەنت بەرزبووەتەوە و نرخی یەك بەرمیل كردوویەتیە 62.44 دۆلار.
دوای ئەوەی یەكشەممەی ڕابردوو پێنجی ئەم مانگە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەكی بەرچاو باج دەخاتە سەر كەل و پەلی چین، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزینی تۆماركرد و بە شێوەیەكی گشتی بە
ڕێژەی لە سەدا دو نرخی ئەو بەرهەمە دابەزی.
ئەوە لەكاتێكدایە، سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر هەریەك لە ووڵاتانی ئێران و ڤەنزۆێلا-ی ئەندام لە رێكخراوی ووڵاتانی نەوت (ئۆپیك) كە پێشتر زۆرینەی داهاتی ووڵاتەكانیان لەسەر هەناردەكردنی نەوت بوە، كاریگەریەكی بەرچاوی لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە