داعش لە نێوان مەخموور و عەلوان خەریکی جووڵە و تاکتیکی نوێیە

داعش لە نێوان مەخموور و عەلوان خەریکی جووڵە و تاکتیکی نوێیە

پەیامی کورد     ...    ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەی چەكدارانی داعش لە سنووری مەخموور بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش ئاشكرای كرد، لە نێوان مەخموو و عەلوان جووڵە دەكەن و تاكتیكی نوێ بەكار دێنن.

لیوا زریان وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور، راگەیاند: "ماوەیەكە چاودێریی جووڵەی تیرۆرستانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەكەین و ئەوەی تێبینیمان كردووە و بەپێی زانیاری بەردەست، ژمارەی چەكدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور كەمتر بووەتەوە لە پێشوو و بەرەو ناوچەكانی دیكە چوونە".

لەبارەی ھۆكاری كەمبوونەوەی جووڵەی داعش لە مەخموور، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت: "ئەوە پەیوەستە بە تاكتیكی تیرۆرستانی داعشەوە و ئێمەیش نازانین ھۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەرەو ناوچەكانی دیكە جووڵەیان پێ كراوە، ھەروەك چۆن دەبینین لە دەوروبەری كەركووك و خانەقین جووڵەیان زیادی كردووە".

پەیوەست بە  چۆنیەتی جووڵەی داعش لە نزیك مەخموور، لیوا زریان وەسانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "داعش چەكدارەكانی بەسەر مەفرەزەی بچووكدا دابەش كردووە و بەردەوام لە پێدەشتەكانی مەخموور دەسووڕێنەوە و لە دەرفەتێك دەگەڕێن، بە تایبەتی لە ناوچەكانی نێوان مەخموور و عەلوان داعش جووڵە دەكات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە