پەیامی کورد ... بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، کورد یان بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ناکات، یانیش ئەگەر بەشداریی کرد یەک لیستی دەبێت. دەشڵێ، لیستی جیا زیانی بۆ کورد زۆرە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان، ڕاگەیاند: "ئێمە بڕیارمان داوە وەک کورد، یان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ناکەین، یانیش ھەموو بە یەک لیست بەشداری دەکەین، چوونکە نابێت بەو ڕەوشە ئاڵۆزەی کەرکووکەوە ھەر لایەنە و بەجیا بەشداری لە ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا بکەین."
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "کورد ئەم جارە لە کەرکووک یەکگرتووە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکھێنانی لیستێکی کوردی بۆ ھەڵبژاردن، بەڵام ھێشتا کۆبوونەوەی دیکە ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق."
دەربارەی زیانەکانی لیستی جیا، دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: "بێگومان کەرکووک لەژێر تەعریبێکی گەورەدایە و یاسای ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە، ئەگەر بێت و ھەر لایەنە و بەجیا بەشدار بێت، دەنگی کورد بەھەدەر دەڕوات و زیانی زۆری بۆ کورد دەبێت و کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەیە و ئەنجامەکەی بەدڵی کورد نابێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە