پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی خیانەتی ووڵات فرۆشان

پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی خیانەتی ووڵات فرۆشان

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکیتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێکەوتنێک لەسەر بستێکی کەرکووک ناکەن. 

سەرۆک بارزانی لەو پەیامەیدا ڕایگەیاندووە، ١٦ ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی تاریکە لە مێژووی میللەتەکەمان ، لەو ڕۆژەدا بوو کە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەکانی گەلێکی مەزڵووم کرا. بەھۆی دەستێکی ناوخۆییەوە یارییەکی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەکەمان کرا و ئەو خاکەی بە خوێنی ھەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێکدا کەوتە ژێر داگیرکاری و کاولکاری و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان. 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە: 

پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی خیانەتەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان 

شازدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی تاریکە لە مێژووی میللەتەکەمان. لەو ڕۆژەدا بوو کە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەکانی گەلێکی مەزڵووم کرا. بەھۆی دەستێکی ناوخۆییەوە یارییەکی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەکەمان کرا و ئەو خاکەی بە خوێنی ھەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێکدا کەوتە ژێر داگیرکاری و کاولکاری و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان. 

ئەو پیلانە نەگریسە، سووکایەتی بوو بە سەت ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان. سووکایەتیکردن بوو بە خوێنی شەھیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان پاراست و لە جیاتی ھەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان دەکرد. ھەروەھا سووکایەتی بوو بە دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلی کوردستان کە تەنیا تاوانی ئەوە بوو دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بە گوێی جیھانییان گەیاند. 

ئێمە پێشبینیی ھەموو ئەگەرێکمان کردبوو، بەڵام ھەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێکی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی کوردستان بدات. 

ئەوان ویستیان بە ناپاکی و داگیرکاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن کە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەکەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاکی و داگیرکاریش سەرشۆڕی و شوورەییە. 

ئامانجی شازدەی ئۆکتۆبەر، نەھێشتنی کیانی ھەرێمی کوردستان و بێماناکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بوو. ئەگەرچی بە ھاوکاری و چاوساغیی دەستێکی ناپاکی ناوخۆیی، پیلانێکی زۆر گەورە لەدژی گەلەکەمان لە ئارادا بوو، بەڵام کە پێشمەرگە بڕیاری بەرگری و کۆڵنەدانی دا، ھاوکێشەکان گۆڕان و سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان مایەوە. 

لەو یادە تاڵەدا، داوا لە ھەموو لایەک دەکەم ڕێز لە مێژوو و مافەکانی گەلی کوردستان بگرن، سیاسەتی شۆڤینی و ئینکارکردن ھیچ ئەنجامێکی نییە و تەنیا شەڕ و دواکەوتوویی لێ دەکەوێتەوە. ھەمیشەیش داوامان کردووە کە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکرێت. داوایش لە ھاووڵاتیانی کوردستان دەکەم بە ئومێد و ھێزەوە بڕواننە داھاتوو، دۆزی گەلی ئێمە ڕەوایە و بە شەڕ و پیلان و ناپاکی، کۆتایی نایەت. 

شازدەی ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریکەیە لە مێژووی گەلەکەماندا کە ھەرگیز لە یاد ناکرێت و دەبێ ببێتە وانە بۆ تاک تاکی گەلی کوردستان.

 

سڵاو بۆ شەھیدانی کورد و کوردستان و ھەموو شەھیدانی ڕێگەی ئازادی. 

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان. 

سڵاو بۆ تێکۆشەران و نیشتیمانپەروەران. 

مسعود بارزانی

 

١٦ـی ١٠ـی ٢٠١٨

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە