پەیامی کورد … چەند بڕیارێك لە ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆجێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا كۆبۆوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بڵاویكردۆتەوە، سەرپەرشتی كۆبونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێری بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردوە، بۆجێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكیان دەركردوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانە:-
یەكەم/ ماوەی پێدانی ڤاكسین تاوەكو 2022.1.20 درێژكرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكومی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەكو ئەم ڕێككەوتە ڤاكسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
دووەم/ ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستان دەگەڕێنەوە، پشكنینی خێرای كۆرۆنا لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و مەرزی حاجی ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.
سێیەم/ بەستنی (ماسك) بۆ ھەموو ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەكان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان چاودێری دەكەن.
چوارەم/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەی لەشارەكانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی هەولێر پایتەخت دەكەن پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت كە ماوەكەی 72 كاتژمێری تێپەڕنەكردبێت، بەپێچەوانەوە كۆمپانیاكانی گەشتیاری بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.
پێنجەم/ سەرجەم كارمەندانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، كارمەندانی كەرتی تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانە، یانەی شەوانە، هۆڵ) دەبێت ڤاكسین وەرگرن و ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچاری ڕێكاری یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە چادودێری دەكرێن.
شەشەم/ بۆ بابەتی پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافی هەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەكانیان پێشكەش بە وەزراەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بكەن تاوەكو بڕیار و ڕێنامایی نوێی لەبارەوە دەربچێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە