شاسوار عەبدۆلواحێد ... من شەڕی پارتی و یەکیتی م کردووە ، بەڵام هاوڕێیەکانم لە پشتەوە خەنجەریان لێدام !!!

شاسوار عەبدۆلواحێد  ...  من شەڕی پارتی و یەکیتی م کردووە ، بەڵام هاوڕێیەکانم لە پشتەوە خەنجەریان لێدام !!!

پەیامی کورد  ...   دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ خۆبەخشانی نەوەی نوێ کۆبووەو و رایگەیاند: من سیقەم بە هاوڕێکانم کرد وەک برای خۆم سەیرم کردن، خزمەتمان کردن و لەسەر سفرەیەک نانمان خوارد، خەڵکمان لەسەر عاجزکردن، بەڵام ئەوان لە پشتەوە خەنجەر لە من دەدن".

 گەڕانەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ سلێمانی لەکاتێکدایە پێشتر سەردانی لەندەنی کردبوو " بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵی : وەک برا بە پارەی خۆم هەموشتێکم بۆ کردوون، بە میدیای خۆم ریکلامم بۆ کردن تا بچنە پەرلەمان، ئەمە چ ویژدانێکە کە جنێو بە هاوڕێی خۆت بدەی لەسەر تەلەفزیۆن، من چ زیانێکم هەبووە بۆیان بەس ئێوە پێمبڵێن، هەڵەیەکم کردووە دزیم کردووە ئێوەم فرۆشتووە خیانەتم لێکردوون وازم لە مەبدەئی خۆم هێناوە بازرگانیتان پێوە دەکەم، چیم کردووە تا ئێوە بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی کە من بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە من شەڕی یەکێتی و پارتیم کردووە، چۆن ناتوانم شەڕی ئەوان بکەم بەس تا ئێستاش دڵم نایە قسە بە هاوڕێکانم بڵێم".

ڕوونیشیکردەوە:" من قەت بە گومانەوە لەخەڵک ناڕوانم ئێمە هەموومان خاوەن کەرامەتین بیر لە داهاتو دەکەینەوە و دەمانەوێت ئەم وڵاتەی خۆمان بگۆڕین، ناچێتە عەقڵمەوە کە دوێنێ لە ماڵم بوە نانمان خواردوە، ئەو هەمو متمانەیە پێکردوە ئێستا چوەتە سەر تەلەفزیۆن دەڵێت شاسوار هەڕەشەم لێدەکات بە بڵاوکردنەوەی وێنەی روت".

ووتیشی، ئەزانن من چۆنم و چۆن بیر دەکەمەوە، پێتان دەڵێم قیەم و ئەخلاق و بەها و حورمەت و مەکانی خۆتان بۆ هیچ شتێک مەدۆڕێنن خۆتان لە هەموشت گرنگترن، ئێوە سبەینێ نەوەتان دەبێت منداڵەکانتان دەڵێن دایک و باوکمان چی بون، بۆ پارە خۆی فرۆشت و خیانەتی لە هاوڕێکانی کرد یاخود کەسێکی سەربەرزبو بۆ هیچ ملکەچی نەدا".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتشی:" من دەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا داهاتووی ووڵاتەکەمان بگۆڕین، من چۆن لە پشتەوە موئامەرە لە ئێوە بکەم، من هەرگیز تاقەی  خۆم لە ناو جوڵانەوەکەدا سەرف ناکەم بەڵکو لە دەرەوە سەرفی دەکەم، تکایە هاوڕێیان، دەبێت ئەو بابەتی ئەخلاقە زۆر کاری لەسەر بکەین، ئێوە خۆتان بخەنە شوێنێ من لە کاتی نەخۆشیدا لەبری هەواڵپرسین خیانەتم لێکردوە".

21ی ئەم مانگە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە". 

24ی ئەم مانگەش، شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەینەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە".

ئەو لێدوانەش کاردانەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و هەمان شەو سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.

بەپێی زانیاریەکان  " لەکاتی دەست بەسەرکردنی سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەدا گیراوە و گومان دەکرێت لە کۆمپیوتەرەکەدا دەنگ و ڤیدیۆی نه‌شیاوى خه‌ڵكى تیدا بێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە