پەیامی کورد ... لە ڕێگای سندووقی نەختینەییەوە، بڕیارە سیستمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێـت، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش دەڵێت، دوای دامەزراندنی سیستمەكە، حكوومەت خەرجیی نەشتەرگەری نەخۆش لە ئەستۆ دەگرێـت.
زانا مەلاخالید، ئەندامی لیژنەی تەندرووستی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند، لیژنەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكن بۆ دامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە چەند كۆبووەیەك ساز كراون و بەشێكی پڕۆژەیاساكە نووسراوەتەوە، كە بەرزی دەكەنەوە بۆ هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندرووستی، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی نێوانیان پڕۆژەی بیمەی تەندرووستی لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان دابمەزرێندرێت".
مەلاخالید ووتیشی: "لە ڕێگای سندووقی نەختینەیی و دابینكردنی بودجەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مەبەستە، بە كۆدەنگیی لایەنەكان پڕۆژەی بیمەی تەندرووستی دێتە كایەوە، كە سوودمەندی سەرەكی لەم پڕۆژەیە هاووڵاتیانن.
ئەوپەرلەمانتارە هەروەها دەشڵێت، لیژنەكەیان جەخـت لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكاتەوە و كاری جیددیشی لەسەر دەكەن، بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی تێپەڕێندرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، سیستمی بیمەی تەندروستی، چارەسەری كێشەی هاووڵاتیان دەكات لە كەرتی تەندروستیدا، بۆ نموونە گەر نەخۆشێك پێوستی بە نەشتەرگەرییەك هەبێـت و باری دارایی باش نەبێت، لە ڕێگای سیستمی بیمەی تەندروستییەوە حكوومەت خەرجی نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشكی لە ئەستۆ دەگرێت و كارئاسانی بۆ نەخۆشەكە دەكات، لە بەرامبەردا بەپێی داهاتی كەسەكە، ساڵانە بڕێك پارەی دیاریكراو لە لایەن نەخۆشەكەوە دەرێت بە سندووقی نەختینەیی و دڵنیایی تەندروستی دابین دەكرێـت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە