پەیامی کورد... عێراق هەوڵدەدات ٨٠ هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە بگەڕێنێتەوە
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت هەوڵدەدات ٨٠ هەزار کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە بگەڕێنێتەوە.
کەریم نووری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتی، «زۆرێک لەو عێراقییانەی بەم دوایانە کۆچیان کردووە، گەیشتوون بە ئەڵمانیا و نەرویج و سوید و سویسرا، بەڵام بەشێکیان ڕەنگە مافی پەنابەرێتییان پێ نەدرێت، کە تەنیا لە ئەڵمانیا ٥٠ هەزار کۆچبەر دەبن و لە نەرویج ژمارەیان ٣٠ هەزار کۆچبەری عێراقییە».
بەپێی وتەی ئەو، «هەموو عێراقییەک مافی ئەوەی هەیە بچێتە دەرەوەی وڵات و هەوڵ بۆ ژیان و داهاتوویەکی باشتر بدات، بەڵام هەندێک لە وڵاتان عێراقییەکان بەکار دەهێنن و دۆخەکەیان دەقۆزنەوە بەتایبەت بێلاڕووسە، کە کۆچبەران وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر یەکێتیی ئەورووپادا بەکار دەهێنێت».
ئاشکرا شی کرد، داوایان لە وڵاتان کردووە ڕێگە نەدەن عێراقییەکان لەڕێگەی خاکەکانیانەوە کۆچ بۆ بێلاڕووسە بکەن، «چونکە کۆچبەران لە دۆخێکی سەختدا دەژین و لەناو دارستان و بەر سەرمادان».
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، «شاندی حکومەتی عێراق سەردانی ئەڵمانیای کردووە و هانی عێراقییەکانی داوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، یەکێتیی ئەورووپاش بەبێ فشار هانی کۆچبەرانی عێراق دەدات ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئێستاش حکومەت لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی ٨٠ هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا و نەرویجەوە».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە