٥٠٠ قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە

٥٠٠ قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە

پەیامی کورد  ...  وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند : ٥٠٠ قوتابخانە لە ھەرێمی كوردستان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە ھەیە و ملیارێك و٥٠٠ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەو مەبەستە پێویستە، بۆیە حكوومەت بڕیاری داوە بەشە بودجەیەكی تایبەت بۆ درووستكردنی قوتابخانە تەرخان بكات.

د. پشتیوان سادق، لە مەراسیمی كردنەوەی  قوتابخانەی مەتین لە شاری ھەولێر، كە لەسەر ئەركی خێرخوازان نۆژەن كراوەتەوە، ڕایگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە دۆخی ئابووری باش بێت، بودجەی تایبەت بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان دیاری دەكات، چونكە ٥٠٠قوتابخانە لە ھەرێمی كوردستان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەی بەپەلە ھەیە و بۆ درووستكردنی قوتابخانەش پێویستمان بە ملیارێك و ٥٠٠ملیۆن دۆلار ھەیە، هەروەها ئەمساڵ پێویستمان بە ٤١٠ قوتابخانەی ١٨پۆلی ھەیە، بۆیە درووستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بەردەوامە".

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "داوا لەو كەسانە دەكەین كە توانای داراییان باشە، بەو پێیەی قوتابخانە ھی هەموو خەڵكە، بەشداری لە نۆژەنكردنەوە و درووستكردنی قوتابخانەدا بكەن، چوونكە تەنیا لە رێگەی پەروەردەوە دەتوانین زانست پێشكەشی میللەتی خۆمان بكەین و زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەین".

سەبارەت بە لابردنی پاشەكەوتی مووچەش، سادق باسی لەوە كرد،  ئاسۆ ڕوونە و بارودۆخی دارایی و سیاسی بەرەو باشی دەڕوات، ھەر كاتێكیش بەشەبودجە لە بەغداوە بێت، بێگومان پاشەكەوتی مووچە لادەبرێت.

لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان یشەوە ووتی: "پێش چەند ڕۆژێك، كۆبوونەوەیەكی گرینگ لە نێوان پارتی و یەكێتیدا كراوە و ١٨ی مانگ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە، كێشەكانیش جەوھەری نین تا پڕۆسەی سیاسی بوەستێت، بۆیە لە ماوەیەكی كەمدا حكوومەت درووست دەكرێت و خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە