پەیامی کورد... بایدن: هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق ئامانجیان ڕێگریکردنە لە ئێران
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا کە ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد، ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە ئێران و ئەو کوتلە چەکدارانەی کە تاران پشتیوانییان لێدەكات.
سوپای ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی لە عێراق ئەنجامدا وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە پێشتر بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق ئەنجامدرا کە سەربازێکی ئەمریکی باری تەندروستی ناجێگیر و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لێکەوتەوە.
بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە باڵاکانی کۆنگرێسی ئەمریکا وتی: ئامانجی لێدانەکان پەکخستنی و ڕێگریکردن بوو لە زنجیرەیەک هێرش دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان، هەروەها ڕاگرتنی ئێران و ئەو گروپە چەکدارانەی کە پشتیوانیان لێدەکات لە دەستپێکردنی هێرشەکان یان پشتیوانیکردن لە هێرشەکان لەسەر تاک و دامەزراوە ئەمریکییەکان”.
بایدن وتیشی: ئەمریکا ئامادەیە ڕێوشوێنی دیکە بگرێتەبەر، بەپێی پێویست و گونجاو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە یان هێرشی دیکە.
واشنتۆن ڕایگەیاندووە ئێران "بە قووڵی تێوەگلاوە" لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکانی حوسییەکان لە یەمەن، کە لە مانگی نۆڤەمبەرەوە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە وتەی خۆیان پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە