پەیامی کورد … بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێمی کوردستان زانیارى نوێ لەسەر کێشەى کەم ئاوى خستە ڕوو
بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم ڕایگەیاند، وشکەساڵى کاریگەرى لەسەر بیرەکان دروست کردووە و ژمارەیەک بیر وشکیان کردووە و داواى 30 ملیار دیناریان بۆ چارەسەرى کێشەکە لە حکومەت کردووە.
ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم (5ى تەموزى 2021) لەمیانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆى وەرزى وشکە ساڵیەوە کانیاو و بیرى ئاوى ناوچە شاخاوییەکانیش کەم و وشکیان کردووە لەزۆربەى ناوچەکانى کوردستاندا.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، داواى دابینکردنى 30 ملیار دیناریان بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە کردووە بەڵام تائێستا حکومەت 2 ملیار دینارى بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە و ئەوانیش وەکو بەڕێوەبەرایەتیەکان بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە بەکارى دەهێنن.
ئارى ئەحمەد داواشى لەهاوڵاتیان کرد زیاتر ڕەچاوى دۆخى کەم ئاوى بکەن و دەستى پێوە بگرن بەتایبەت بەستنى تەوافە بۆ تانکیەکانیان و هەروەها جۆرى ئاودانى باخ و باخچەکان و ڕێک بخرێنەوە.
بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم ئەوەشى خستە ڕوو، ڕۆژانە نزیکەى 2 ملیۆن و 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێم دابین دەکرێت لەڕێگەى 5 هەزار و 700 بیر و 91 پڕۆژەى بچوک و گەورەى ئاوەوە.
ئارى ئەحمەد دەشڵێت، نزیکەى 35 بیر لەشارى هەولێر ئاویان تێدا نەماوە و تا کۆتایى وەرزەکەش 10 بۆ 15 بیرى تر ئاویان تێدا نامێنیت.
بەڕێوەبەرى ئاوى هەرێم ئەوەشى ڕوونکردەوە، بەتانکەر بۆ بەشێک لەگەڕەکەکانى شارى هەولێر کە پێویستیان بەئاوە دابەش دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە