یانەی ریال مەدرید بۆ جاری پازدەیەمین لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ

یانەی ریال مەدرید بۆ جاری پازدەیەمین لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ

لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوان یاریگای وێمبڵی لە شاری لەندەن ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و بڕوسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی کۆکردەوە.

تایمی یەکەم، دوور لە چاوەڕوانییەکان ریاڵ مەدرید هێرش و فشارێکی زۆری لە لایەن یانە ئەڵمانیەکەوە لەسەربوو، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ ئاکامبوون.

لە تایمی دووەمدا، سیناریۆکە پێچەوانە بووەوە، ریاڵ مەدرید ئەم جارە دەستی کرد بە هرشبردن و لە ئاکامی لێدانێکی گۆشەوە دانی کارڤاخال گۆڵی یەکەمی بە لێدانی سەر لە خولەکی 74 تۆمارکرد.

یانەی شاهانە بەردەوامبوو لەسەر ئاستە بەرزەکەی و لە خولەکی 83 ئەم جارە بێلینگهام تۆپێکی ئاسانی خستە بەردەم ڤینیسیۆس و ئەویش گۆڵی دووەمی پێ تۆمارکرد.

هەرچەندە دۆرتمۆندیش چەند جارێک هەوڵی کەمکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە دوو گۆڵی خاوێن لە سودی مێرەنگێ کۆتایی هات.

بەم ئەنجامە یانەی ریاڵ مەدرید بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و ژمارەی نازناوەکانی چامپیۆنز لیگی لە خەزێنەی یانەکەیدا کردە 15 نازناو.