پێشوازی سەرۆک بارزانی لە شاندێکی حکوومەتی ئەمریکا

پێشوازی سەرۆک بارزانی لە شاندێکی حکوومەتی ئەمریکا

پەیامی کورد  ...  ئێوارەی دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئەمریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جێمز جێفری نوێنەری نوێی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش و سەرۆكی شاندەكە و جۆڵ ڕایبێڕن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمریكی تایبەت بە سووریا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و نوێنەری تازەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش پێزانینی هەبوو بۆ پێشەوەچوون و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند سەرباری هەبوونی تەحەددیات و هەڕەشەی زۆر هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها جەختییشی كردەوە كە تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتەكانی سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و پەیوەست بەم باسەوە جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرایەوە ئەویش بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری و هەروەها ڕێگەگرتن لە ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سووریا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوە دووپاتكرایەوە كە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئیجابی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆری لێ كەوتووەتەوە.

بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردوولا و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسی هەرێم تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە