گوڕان لە بارەی سروە عبدالواحید ڕوونکردنەوەیەکی راگەیاند

گوڕان لە بارەی سروە عبدالواحید ڕوونکردنەوەیەکی راگەیاند

فراکسیۆنی گوڕان لە بارەی خۆکاندید کردنی سروە عبدالواحید لە لیستی نەسری سەر بە عەبادی ڕوونکردنەوەیەکیان راگەیاند و بڕیاری کشانەوەی سروە عبدالواحیدیان لە لیستی عەبادی دەرکرد.

دەقی روونكردنەوەكەی فراكسیۆنی گۆڕان:

رونکردنەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە کاندید کردنی بەڕێز سروە عەبدولواحد لە سەر لیستی (النصر)

هاونیشتمانیانی كوردستان!

دەنگدەرانی گۆڕان!

لە سەر داوا و پێشنیاری فراکسیۆنی گۆڕان و بە رەزامەندی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان و بە راوێژ لەگەڵ ژوری حوکمەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، فراکسیۆنی گۆڕان بەڕێز سروە عەبدولواحدی راسپارد خۆی کاندید بکا لە ناو یەکێک لە لیستەکانی عیراق دا، بە مەبەستی شکاندنی نەریتی شکستخواردوی چەندین ساڵەی کاری سیاسی لە عیراق، کە هەمو عیراقیەکان لە سایەی دا زیانی سیاسی و ئابوری و دارایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیی زۆریان پێ گەیشتوە.

بەڵام پێ ئەچێ زەمینەی سەرکەوتنی ئەم بیرۆکەیە هێشتا بە تەواوی پێ نە گەیشتبێ، بۆیە لە پڕ ئەم هەمو ناحەزەی بۆ پەیا بو، وە بۆیە فراکسیۆن پێی باش بو سروە خان لە لیستەکە بکشێتەوە و ئێوارەی دوێنێ، کشایەوە.

بیرۆکەی ئەو هەنگاوە، پێشتر فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆبونەوەکانیا تاوتوێی کرد بو، هەتا گەیشتە ئەوەی لە کۆبونەوەی ۱٤ ی کانونی دوەمی ئەمساڵا کە لە بەغا کرا، فراکسیۆن بیرۆکەکەی کرد بە پێشنیار و ئاراستەی سەرکردایەتی گۆڕانی کرد.

ئەسڵی بیرۆکەکە تایبەت نە بو بە بەغدا و سروە خان، بەڵکو گشتگیر بو بۆ هەمو ئەو پارێزگایانەی کە ئەتوانین هەنگاوی وای تیا بنێین.

لە کۆتایی دا فراکسیۆن دوپاتی ئە کاتەوە کە سروە خان یەکێکە لە ژنە دڵسۆز و سەرکەوتوەکانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەمو توانای پشتیوانی ئەکا.

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە