پەیامی کورد ... حكوومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ، گفتوگۆی باش هەیە بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران لەلایەن بەغداوە و حكوومەتیش لە هەوڵدایە بۆ دابەزاندنی نرخی بەزین.
سەفین دزەیی، ووتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: " دانووستان و گفتۆگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامن و پێشبینی دەكرێـت لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەتی هەرێم پێك بهێندرێـت، دواكەوتنی حكوومەتیش لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە و كاریگەری لەسەر بازاڕ درووست دەكات و دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان، بۆیە ئێمە لە حكوومەتی هەرێم پشتگیری لە هەوڵی خێرای لایەنەكان دەكەین بۆ پێكهێنانی حكوومەت".
دزەیی، لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانەوە ووتی: "جووتیاران مافی خۆیانە شایستە داراییەكانیان لە حكوومەتی بەغدا وەربگرن، چونكە چوار ساڵ دەبێت بەشەگەنمیان ڕادەستی بەغدا كردووە، بەڵام تا ئێستا شایستە داراییەكان بە شێوەی گشتگیر نەنێردراوە، بەڵكوو ئەوەی هاتووە بە شێوەی پچڕ پچڕ بووە، لە ئێستاشدا هەوڵەكان لە ڕێگای حكوومەت و پەرلەمان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەغدا شـایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم بنێرێت، هەر كاتێكیش پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە نێردرا، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
ووتەبێژی حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێم، ئاماژەی دا: "نرخی بەنزین لە بازاڕەكان بە شێوەی ئازاد مامەڵەی پێوە دەكرێت، حكوومەتی هەرێمیش بۆ ئەوەی بەنزینێكی باش و كوالێتی بەرز بە نرخی گونجاو پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات، كێبڕكێی باشی لە نێوان بازرگانەكاندا دروست كردووە، لە ڕابردوو حكوومەت بەنزینی لە دەرەوە دەهێنا، بەڵام خەرجییەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەوەستا، بۆیە حكوومەت هەڵسا بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بە شێوەی ستانداردی جیهانی، لە پێش قەیرانی داراییشەوە بەغدا بەشەبەنزینی هەرێمی كوردستانی وەستاند و نەینارد، بۆیە ماوەی چوار ساڵ دەبێت حكوومەتی هەرێم خۆی بەم شێوەی هەیە بەنزینی دابەش كردووە، هەوڵی گشتگیر و گفتوگۆی باشیش هەیە بۆ ئەوەی بەغدا بەشەبەنزینی هەرێم كە 17%ــیە، بنێرێت و ئێمەش پشگیریی هەر جۆرە هەوڵێك دەكەین لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردن و ناردنی بەشەبەنزینی هەرێم، هەر كاتێكیش بەشەبەنزین لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، نرخی بەزین دادەبەزێت".
ئەو هەروەها لەبارەی سێ مووچەی فەرمانبەرانەوە دەڵێت: "حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێـت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا بە گوێرەی داهاتی حكوومەت و ئەو بەشەبودجەیەی لەلایەن بەغداوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران دێـت، بەغدا 60% بەشەبودجەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، كە 460ملیار دینارە، بەشێكی نەناردووە لەناویاندا مووچە و خەرجیی سیادیی پێشمەرگە كە حكوومەتی هەرێم خۆی 40%ـەكەی تر دابین دەكات و 400ملیار دینارە، هەر كاتێكیش پارەی دیاریكراوی سێ مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە