سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کونسووڵی گشتی تورکیا کۆبوونەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کونسووڵی گشتی تورکیا کۆبوونەوە

PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کونسووڵی گشتی تورکیا کۆبوونەوە

چوارشەممە ٢٠٢٦/٣/١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەرمان تۆپچوو، کونسووڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دەربارەی دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان؛ بیروڕایان گۆڕییەوە. ھەردوولا جەختیان لە گرینگی برەودانی زیاتر بە ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە فراوان بوونی زیاتری شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.

دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە نەگلێن و لە ھەموو ئاستەکاندا کار بۆ ئەوە بکرێت ئارامی و سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ تورکیا دووپات کردەوە بۆ یارمەتیدان و ئەو ئاسانکارییەی لە دەروازەکانی سنوور بۆ ھاتووچۆی گەشتیاران پێشکەش بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن.

کاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەسەر تورکیاوە، لەگەڵ پەیوەندییەکانی ھەردوولا و پێشبینییەکان بۆ داھاتووی دۆخەکە و ڕووداوەکان، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.