TR KU SO
FB X
Cîhan

ناوچەی سەوزی بەغدا دیسان مووشەکباران کرایەوە

Navas Jan
Admin
📅 08 Temmuz 2021 13:05

پەیامی کورد … ناوچەی سەوزی بەغدا دیسان مووشەکباران کرایەوە

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە سێ مووشەك هێرشكراوەتە سەر ناوچەی سەوز و یەكێك لە موشەكەكان لەنزیك بارەگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تەقیوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێكدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەكردووە، “كاتژمێر 2:00 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمەڵێك دەرچوو لە یاسا سێ موشەكیان ئاڕاستەی ناوچەی سەوز كردووە، موشەكی یەكەمیان لە نزیك بارەگای ئاسایشی نیشتمانی تەقیوەتەوە، هەروەها موشەكی دووەمیشیان لە گۆڕەپانی ئاهەنگ و نمایشە سەربازییەكان كەوتووەتە خوارەوە، موشەكی سێیەمیش لە ناوچەیەكی نیشتەجێبوون بەناوی (شێخ عومەر) تەقیوەتەوە و زیانی بە ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییەك گەیاندووە”.

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی باسیلەوەشكردووە، “دەزگای هەواڵگری بە مەیدانی چاودێری ئەو دەرچووانە دەكات، كە زیان بە ئارامی هاوڵاتیان دەگەیەنن و نێردە دیپلۆماسییەكان دەكەنە ئامانج”.

 

لەلایەكی دیكەوە بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەكۆی ئەو سێ موشەكەی ئاڕاستەی ناوچەی سەوز كران، دوو موشەكیان ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كراوە و سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەكە توانیویەتی ئاڕاستەی موشەكەكان بگۆڕێت.

Paylas: