ئیسرائیل داوا له هاوڵاتییه‌كانی ده‌كات ده‌ستبه‌جێ وڵاتی میسر به‌جێهێڵن
پەیامی کورد... ئیسرائیل داوا له هاوڵاتییه‌كانی ده‌كات ده‌ستبه‌جێ وڵاتی میسر به‌جێهێڵن
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل داوا له ئیسرائیلییه‌كان ده‌كات ده‌ستبه‌جێ وڵاتانی میسر و ئوردون به‌جێهێڵن.
ڕۆژی شه‌ممه 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، رۆژنامه‌ی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویكرده‌وه، كه ئیسرائیل هۆشداری داوه‌ته هاوڵاتییه‌كانی له گه‌شتكردن بۆ وڵاتانی میسر، ئوردون و مه‌غریب به‌هۆی مه‌ترسی به‌ئامانجگرتنیان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه‌وه له ده‌ره‌نجامی توڕه‌ییان به‌هۆی جه‌نگی سه‌ر كه‌تی غه‌ززه‌وه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و داوایان كردووه سه‌رجه‌م ئیسرائیلییه‌كان به‌زووترین كات وڵاتانی میسر و ئوردون به‌جێهێڵن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، داواش له ئیسرائیلییه‌كان كراوه زۆر پێویست نه‌بێت سه‌ردانی وڵاتی مه‌غریب-یش نه‌كه‌ن.
هاوكات داوایكردووه ئیسرائیلییه‌كان خۆیان له مانه‌وه له هه‌موو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌دووربگرن به وڵاتانی (توركیا، میسر، ئوردون، ئیماڕات، به‌حره‌ین و مه‌غریب)ه‌وه و گه‌شت بۆ ژماره‌یه‌ك وڵات نه‌كه‌ن، له‌وانه مالیزیا، به‌نگلادیش، ئیندۆنیسیا و دوورگه‌كانی ماڵدیڤ.