تورکیا رێگە بەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی عەفرین نادات
بەپێی راپۆرتێکی روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، سوپاى تورکیا ڕێگە نادات هاووڵاتیانی عەفرین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان و خەڵکى غوتەى ڕۆژهەڵات لەو شارە نیشتەجێدەکرێن.
ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، بڵاویکردووەتەوە، کە هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بەو وڵاتە لە دەروازەی کیمار ڕێگەیان لە سەدان خێزانی عەفرین گرتووە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
روانگەکە باسی لەوەشکردووە، کە زانیاریان پـێگەیشتووە دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە (١٥٠) خێزانی ئاوارەی غوتەی ڕۆژهەڵاتیان بەرەو عەفرین بردووە و لە نێو ماڵی خەڵکە ئاوارەکەی عەفرین نیشتەجێـیان کردوون.
ئاشکراشیکردووە، کە ئەو خێزانانەی لەغوتەوە بەرەو عەفرین براون سەر بەگروپی ئیسلامی فەیلەق ئەلڕەحمانی ئۆپـۆزسیۆنی سووریان کە لەمانگی ئازاردا لەناوچەکەیان دەرکران و گەیشتنە باکوری سوریا.
هەر لەراپۆرتەکەدا ڕوانگەى سوورى ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئاوارەی غوتەی ڕۆژهەڵات ڕەتیانکردووەتەوە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا ببن و بچنە ناو ماڵەکانی عەفرینەوە، بەو پـێـیەی بەپـرۆسەیەکی ڕێکخراو بۆ گۆڕینی دیموگرافی دایدەنێن، ئەوەیان وتووە خۆیان قوربانی هەوڵی گۆڕینی دیموگرافین کە ڕژێمی سوریا و ڕوسیا ئێستا لە ناوچەکانیان کاری بۆ دەکەن.
جێی ئاماژەیە لەماوەی رابردووداو دوای کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەلایەن سوپاى تورکیاوە ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتوانی شارەکە ئاوارەى ئەو ناوچانەبوون کە ئارامن و شەڕی تێدا نییە.