ئاشکراکردنی بڕیارنامەیەک لە کۆنگرەی ئەمریکا؛ کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی خۆپیشاندەران و پێشێل کردنی سیستەماتیکی مافی مرۆڤ شەرمەزار کرا
کوری میلز، نوێنەری کۆنگرێسی ئەمریکا، پێشکەشکردنی بڕیارنامەیەکی ڕاگەیاند کە تێیدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، پێشێلکاری بەربڵاو و ڕێکخراوەیی مافی مرۆڤ و پشتیوانی کردن لە تیرۆریسم لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی دا شەرمەزار دەكات.
لە دەقی ئەم بڕیارنامەیەدا ئاماژە بە گیان لەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی ئێرانی لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەكان دا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە تووندوتیژی کوشندە، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، داخستنی ئینتەرنێت و سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان، بە شێوەیەکی سیستماتیک مافە بنەڕەتییەکانی گەلی ئێرانیان پێشێل کردووە.
ئەم بڕیارنامەیە داوا لە سەرۆک كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دامەزراوە بەرپرسەکانی ئەمریکا دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێگەی سزای ئامانجدار و ڕێوشوێنی دیپلۆماسییەوە، لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی سەرکوت، پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و لایەنگرانی تۆڕە تیرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بکەن.
لە بەشی کۆتایی دا کۆنگرێسی ئەمریکا بە ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی ئێران جەختی لە مافی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی ئینسانی و سەروەری یاسا کردەوە و خوازیاری کۆتایی هێنانی دەست بەجێی سەرکوت و تووندوتیژی حکوومەت بەرامبەر خۆپیشاندەران كردەوە.