پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئاسایشی حکوومەتی سووریا ئەمڕۆ دەچێتە ناو قامیشلۆ
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەچنە ناو شاری قامیشلۆ، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە چوونە ناو شاری حەسەکە.
دوێنێ دووشەممە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، چوونە ناو حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، "نزیکەی ١٠٠ ئەندام و سەرکردەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی ئاساییش دەچنە ناو قامیشلۆ".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزەکانی حکومەت لە شارەدێی تەل بەراکەوە بەرەو قامیشلۆ بەڕێدەکەون".
ڕوونیشی کردەوە کە "ئامادەکارییەکان بۆ چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە دەروازەی ڕۆژئاوای قامیشلۆوە ئەنجام دەدرێن".
هێزەکانی ئاساییش قەدەغەی هاتووچۆیان لە قامیشلۆ سەپاندووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا واژۆ کراوە.