پەیامی کورد... ئەردۆغان: پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە سوریا، مەترسییەکی گەورە دروست دەکات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند: "لە ئەگەری پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، مەترسییەکی گەورە دروست دەبێت و ڕوون دەبێتەوە کە کام لایەن نایەوێت ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و سەقامگیری لە سوریا بەدی نەيەت."
ئەردۆغان لە میانی وتارێکدا لە ١٦هەمین کۆنفرانسى باڵیۆزانی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت، وتی: "بوونی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەوانی دیکە، بەشدارن لە تێکدانی سەقامگیری و ئاشتی."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کردەوەکانی ئیسرائیل لەناو خاکی سوریا، گەورەترین ڕێگرن لە بەردەم بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاشتی لەو وڵاتەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی سوریاوە، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، نزیکەی ٥٨٠ هەزار پەنابەری سوری بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و پارێزراو گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.