پەیامی کورد... بۆردومانی بەرفراوان و توندی سعودیە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی یەمەن
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، سعودیە بۆردومانەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو لە یەمەن فراوانتر کرد، بەجۆرێک دەنگی تەقینەوەی بەهێز ناوچەی "سێون" لە باشووری یەمەنی هەژاند، ئەمەش بەهۆی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شارەکە.
سەرچاوە میدیایییەکان ڕایانگەیاندووە کە بۆردومانە ئاسمانییەکانی سعودیە فراوانتر بوون و دامەزراوە مەدەنی و سەروەرییەکانی لە "دۆڵی حەزرەمەوت" گرتووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە "خێزانێکی تەواوی ماڵی (ئەلعەموودی) کە لە ٧ کەس پێکهاتبوون، بەهۆی بۆردومانێکی سعودیە بۆ سەر ماڵەکەیان لە دۆڵی حەزرەمەوت گیانیان لەدەستداوە".
هەروەها ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی ئینتیقالی بڵاویکردەوە: "هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە یەکێک لە سەربازگەکانیانی کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە".
ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە: "ئەمڕۆ سعودیە ٧ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر یەمەن ئەنجامداوە".
لەلایەکی تریشەوە، ئەنوەر تەمیمی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور، کوژران و برینداربوونی ٧ چەکداری ئەنجومەنەکەی پشتڕاستکردەوە، ئەوەش بەهۆی بۆردومانێکی سعودیە بۆ سەر سەربازگەیەک لە پارێزگای حەزرەمەوت لە ڕۆژهەڵاتی یەمەن.
تەمیمی جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور بەرپەرچی یەکەم هێرشیان داوەتەوە، بەڵام بە وتەی ئەو، دەستێوەردانی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە ڕێڕەوی ڕووبەڕووبوونەوەکانی گۆڕیوە و دووپاتی کردەوە کە "هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە".