پەیامی کورد- قامیشلۆ... بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزاوە، دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگیرێت
بەرپرسێک لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، دوێنێ سێشەممە، بە پەیامی کوردی ڕاگەیاند کە دوای زیادبوونی تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان لەنێو قوتابیاندا، دەوامی قوتابخانەکان ڕادەگیرێت.
هەروەها وتیشی: "کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان دەستەی تەندروستی و پەروەردەدا هەیە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تووشبووانەی کە بڵاوبوونەتەوە".
ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە کە "دەوامی خوێندن ڕادەگیرێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە وەرزییەکان لەنێو قوتابیاندا، بەتایبەتی منداڵانی تەمەن بچووک".
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەی ڕاگرتنی دەوامدا، هەڵدەستن بە تەعقیمکردنی قوتابخانەکان، هەروەها بەیاننامەیەک سەبارەت بە نەخۆشییە وەرزییەکان و بڵاوبوونەوەیان دەردەچێت.
پێشتر و هەر لەمڕۆدا، پزیشکێک لە نەخۆشخانەی کۆبانێ ڕاگەیاندبوو، کە ژمارەی تووشبووان بە ئەنفلوەنزای (H3N2) ڕووی لە زیادبوون کردووە، و ڕوونیکردەوە کە ژمارەی ئەو منداڵ و بەساڵاچووانەی ڕۆژانە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، لەنێوان "٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ حاڵەتدایە".
هەروەها میدیا خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، کە نەخۆشخانەی "گەل" لە دێرک ڕۆژانە پێشوازی لە زیاتر لە ٢٠٠ تووشبوو دەکات کە نیشانەکانی پەتای (کریب)ـی ڤایرۆسییان هەیە.