دان پێدانانێکی بێ وێنە لە ناو سوپای پاسداران؛ شکستی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل

Dîroka Belavkirin :
دان پێدانانێکی بێ وێنە لە ناو سوپای پاسداران؛ شکستی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل
پەیامی کورد    ...   دان پێدانانێکی بێ وێنە لە ناو سوپای پاسداران؛ شکستی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل

◾️ لە ددانپێدانانێکی سەیردا، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران بە فەرمی ووتوویەتی كە هەواڵگری ئێران لاواز بووە دژی ئیسرائیل؛ دان پێدانانێک کە بە کردەوە نیشانی دا ئەوەی كۆماری ئیسلامی و سیستەمە هەواڵگرییەكانی باسیان لێ دەكرد تەنیا پڕووپاگەندەیەكی بەتاڵ بوو.

▫️ ئێوارەی شەممەی ڕابردوو، حوسێن عەلایی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە، بە ئاشکرا ڕایگەیاند دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل کاریگەر نەبوو و دۆش دامابوو. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر ئەم دەزگایە بەڕاستی کارا بووایە، دەبوو پێشوەختە لەبارەی پلانەکانی تیرۆرکردنی فەرماندە و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران ەوە ئاگادار بوونایە.

▫️ ئەم قسانە لە ڕاستیدا پشتڕاست کردنەوەیەكی فەرمین لە شکستی سیستەماتیکی ئەمنی کە ساڵانێکە تەنیا كاریان سیخوڕی كردن و ئازار و ئەزیەتی ڕەخنەگرانی ناوخۆ و چالاکی مەدەنی و خۆپێشاندەران بووە، كەچی لە بەرامبەر هەڕەشە ڕاستەقینەکان و دوژمنە سەرسەختەكەیان واتە ئیسرائیل بێدەسەڵات و فاشیل بوونە.

▫️ عەلایی، بە شێوەیەکی هۆشدارئامێز ووتی ڕووداوەکانی ئەم شەڕە دەریخست کە دەزگا هەواڵگرییەکانی كۆماری ئیسلامی وەها ڕێک نەخراون کە هاوتا بن لەگەڵ ئاست و جۆری هەڕەشەکانی ئیسرائیل. هەروەها بە ڕوونی داوای کرد دووبارە داڕشتنەوە بە هەیكەلی ئەم دەزگایانە بكرێتەوە. بە وتەی ناوبراو، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێستای كۆماری ئیسلامی، ووڵامدەری دۆخی ئێستا نین؛ ئەمەش ددانپێدانانێکی تەواو بوو بە شكست و مایەپووچی كۆماری ئیسلامی.

▫️ئەم لێدوانانە لەو كاتەدا دوو هێندە گرینگیان هەیە كە کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە خەرج کردنی ملیارەها تمەنی خەڵك و سەرچاوە سرووشتییەكانی گەلانی ئێران، بۆ فراوانکردنی دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی خۆی. ئەو دامەزراوە تیرۆریستییانە کە لە پراکتیکدا زیاتر خەریكی سەرکوتی خەڵكی ناوخۆی ئێران و درووست کردنی كەیس و کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگەن نەک پاراستنی ژیانی خەڵك و ژێرخانی ووڵات.

▫️کاتێک فەرماندەیەکی باڵای پێشووی سوپای پاسداران ئەوەندە بە ڕوونی باس لە شکستەکانی ئیتلاعات و هەواڵگری لە ئێران دەکات، چیتر ناتوانین بڵەین كە ئەوە "پڕوپاگەندەی دوژمن"ـە، بەڵكوو ئەوە دان پێدانانی بەڵگەمەندە لەسەر داڕمانی دەسەڵات و سیستەمی ئەمنی ئێران، سیستەمێک کە تەنیا دوژمنی هاووڵاتیانی ئێرانە، كەچی بێ ئاگایە لە پلانەكانی دوژمنە درووست كراوەكانیان.