دیمەشق دوای پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەمنیی پێشوەختدایە

Dîroka Belavkirin :
دیمەشق دوای پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەمنیی پێشوەختدایە
پەیامی کورد... دیمەشق دوای پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەمنیی پێشوەختدایە

ئەو هێرشەی کرایە سەر دەورییەیەکی هاوبەشی ئەمریکی - سوری لە ناوچەی تەدمور، بووە یەکەم تاقیکردنەوەی ئەمنیی جددی بۆ حکومەتی سوریا لەوەتەی ڕاگەیاندنی پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش". هێرشەکە لەنێو بارەگایەکی ئەمنیی پێشوودا و لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەشدا ڕوویدا و کوژراو و برینداری ئەمریکی لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جموجۆڵێکی سەربازی و ئەمنیی فراوان لە دەوروبەری ناوچەکە.

وردەکاری و بارودۆخی دەوروبەری ڕووداوەکە شڵەژانێکی لە ئەدای فەرمیدا دەرخست، بەتایبەتی دوای دانپێدانان بەوەی ئەنجامدەری هێرشەکە پێشتر بەهۆی مەیلی توندڕەوییەوە لەژێر هەڵسەنگاندنی ئەمنیدا بووە بەبێ ئەوەی ڕێکاری دەستبەجێی بەرامبەر بگیرێتەبەر، ئەمەش تیشکی خستە سەر بوونی کەلێنی بونیادی لەنێو دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا.

لە سایەی دژبە‌یه‌کی گێڕانەوەکاندا، سێ ئەگەر بۆ لێکدانەوەی ڕووداوەکە دەردەکەون:

یەکەم:  ئەنجامدەرەکە سەر بە ڕێکخراوی "داعش" بێت، لە چوارچێوەی گۆڕانی شێوازی ڕێکخراوەکە بەرەو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزتر کە پێگە ئەمنی و هەستیارەکان دەکاتە ئامانج.

دووەم : ئەنجامدەرەکە پەیوەست بێت بەو گرووپەی بەرپرس بووە لە پاراستنی بارەگاکە، ئەمەش دەرفەتی پێدابێت دەستی بە زانیاریی ورد بگات و هێرشەکە لە ناوەوە ئەنجام بدات.

سێیەم و مەترسیدارترینیان:  ئەنجامدەرەکە خاوەنی ئینتیمای دوولایەنە بێت، ئەمەش پرسیاری گەورە دەوروژێنێت دەربارەی قەبارەی دزەکردنە ناو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان.

ئەم ڕووداوە لە قۆناغێکی هەستیاردایە، چونکە پەیوەندیکردنی تازەی دیمەشق بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، حکومەت دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی فیعلی بۆ تواناکانی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ناوخۆ، لە سایەی چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتی و حیساباتە ئاڵۆزە هەرێمییەکان کە ڕەنگە کاریگەریی دەرەنجامەکانی ئەم هێرشەیان لەسەر بێت.