پەیامی کورد ... سەیفۆلئیسلام قەزافی لە بارودۆخێكی تەم ومژاوی دا لە شاری زەنتان كوژرا
ماڵپەڕی "العربیە/الحدث" بڵاویكردەوە، سەیفۆلئیسلام قەزافی لە ميانى رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداریدا لە باشووری شاری زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا کوژراوە، بەڵام تا ئێستا بارودۆخی کوژرانی قەزافی روون نییە.
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەزافی بڵاویکردەوە، سەیفۆلئیسلام لە هەلومەرجێکی تەم ومژاوی دا گیانی لەدەست داوە، بەبێ ئەوەی روونی بكاتەوە لە ئۆپراسیۆنێکی پلان بۆ داڕێژراودا كوژراوە یان لە کاتی ئەو پێکدادانەی شاری زەنتان بەخۆیەو بینیوە.
ئەحمەد عوسمان، كە یەکێکە لە راوێژکارەکانی قەزافی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: سەیفۆلئیسلام گەڕاتەوە بۆ بەردەم رەحمی خوای گەورە.
هاوكات تیمی سیاسی سەیفۆلئیسلام قەزافی، بە فەرمی ماتەمینی بۆ كۆچی دوایی ئەو راگەیاند.