نەتەوە یەكگرتووەكان: دەست بەجێ پەیوەندی ئینتەرنێت بگەڕێننەوە
لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد بە زووترین کات پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لە سەرانسەری ئێران دا بگەڕێنێتەوە.
ئەو دەزگا نێونەتەوەییە داخستنی ئینتەرنێتی لە سەرتاسەری ئێران بە هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان دژی مافەکانی خەڵک ناوبرد.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری ئینتەرنێت نێت بلاکس، ئینتەرنێتی ئێران لە ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە بە تەواوی داخراوە و ئەم دۆخە زیاتر لە ٦٠ کاتژمێر بەردەوام بووە.
کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، فۆلكەڕ تورک، نیگەرانی قووڵی دەربڕی و داخستنی بە پێشێل کردنی ئازادی ڕادەربڕین و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و داوای کرد دەست بەجێ کۆتایی بەو تووندوتیژییانە بهێنن.