پەیامی کورد- دیمەشق... هێزەکانی سوریای دیموکرات لێکۆڵینەوە لە پێشنیازێکی وەزارەتی بەرگریی سوریا دەکات سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردن
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دیمەشق، ئەمڕۆ هەینی ئاشکرای کرد کە وەزارەتی بەرگریی سوریا پێشنیازێکی نووسراوی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات ناردووە. پێشنیازەکە وردەکارییە کارگێڕی، لۆجستی و پێکهاتەییەکانی تایبەت بە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان لەخۆدەگرێت و لە ئێستادا لەلایەن سەرکردایەتی هەسەدەوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت بۆ ئەوەی وەڵامی بدرێتەوە.
عومەر سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکان پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ لە نێوان شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی سوریا، وتی: "تاکوو ئەمڕۆ، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار بەدی نەکراوە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە کەشێکی ئەرێنیدا بە بەشداری دۆستانی ئەمریکی و هەندێک جار فەرەنسییەکان، کە تێیدا تەنها بە شێوەیەکی تیۆری لەسەر هەندێک پرس لێکتێگەیشتن کراوە."
ناوبراو وتیشی: "لە ڕوانگەی ئێمەوە، دەسەڵاتی گواستنەوە لە دیمەشق بەرپرسیارە لە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکە تاکوو ئێستا"، ڕوونیشیکردەوە کە هیچ بڕگەیەک لەو بڕگانەی لەسەری ڕێککەوتووە بە کردەیی جێبەجێ نەکراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان تێدەگەن چەندین هۆکار هەن کاریگەری لەسەر پرۆسەی ڕێککەوتنەکە دادەنێن، لەوانە فشارە هەرێمییەکان و بە تایبەت فشارەکانی تورکیا. جەختیشی کردەوە کە پێویستە خولێکی دانوستان لە ئاستێکی باڵادا پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت بە مەبەستی گەیشتن بە سازان سەبارەت بە هەندێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
عومەر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە سازانانە دەتوانن هەنگاوێکی گرنگ بن بۆ هێورکردنەوەی گوتارە نەرێنییە وێرانکەرەکان و ئەو ڕق و کینەیەی لە هەندێک ناوەنددا بڵاو دەبێتەوە، کە زیان بە داهاتووی سوریا و یەکپارچەییەکەی دەگەیەنێت.
سەبارەت بە پێشنیازی حکومەت بۆ شێوازی تێکەڵبوونی هەسەدە لەناو سوپای سوریادا، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر وتی: "جیاوازی لە ڕوانگەکاندا لە نێوان ئێمە و دەسەڵاتی گواستنەوەدا هەیە سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵکردن، بە تایبەتی لەوەی پەیوەندی بە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەرەوە هەیە (سەربازی، ئەمنی، کارگێڕی و ئابووری) لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی."
وتیشی: "ئێمە پرۆسەی تێکەڵکردن بە هەنگاوێک بەرەو هاوبەشی و تەواوکاری لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا دەبینین، بەڵام لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە، کە جیاوازە لە دیدگای ئێمە بۆ هاوبەشییەکی کارا، پرۆسەی تێکەڵکردن وەک پرۆسەی (هەڵوەشاندنەوە و ڕادەستکردن) لێکدەدرێتەوە."
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە کە سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سوریا، لە کۆبوونەوەی ٧ی تشرینی یەکەم لە نێوان ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد ئەلشەرع (سەرۆکی دەسەڵاتی گواستنەوە) بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان، ڕێککەوتنێکی تیۆری کراوە. ڕێککەوتنەکە دەڵێت هەسەدە لەناو وەزارەتی بەرگریی سوریادا لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوادا تێکەڵ دەکرێت، کە یەکێکیان لیوای دژەتیرۆر و ئەوی دیکەیان لیوای یەکینەکانی پاراستنی ژنان دەبێت، بە مەرجێک جێبەجێکردنی ئەم تێکەڵکردنە لە دەستی لیژنە لاوەکییە پسپۆڕەکاندا بمێنێتەوە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار، عومەر وتی: "ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبینەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک جیاوازی بنەڕەتی لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردن".
ڕوونیشیکردەوە کە "گەورەترین ئاڵنگاری لە ئەقڵیەتی دەسەڵاتی گواستنەوەدایە، کە هێشتا بەرگری دەکات لە بیرۆکەی هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سوریادا. ئەم سیاسەتانە دەست دەگرن بە ڕێکارە تاکلایەنەکانەوە کە تێیدا هەوڵی قۆرخکردنی دەسەڵات دەدرێت."
ئەوەشی خستەڕوو کە دەسەڵاتی گواستنەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە سیستمێکی ناوەندی، کە ئەم مۆدێلە لەگەڵ واقیعی سوریای فرەنەتەوە و فرەئایین ناگونجێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە قبوڵکردنی سیستمێکی ناوەندیی نوێ کە پاشخانێکی ڕادیکاڵیی هەبێت، بە واتای بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری دێت، ئەوەش کارێکە قبوڵ ناکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواو بۆ پێدانی کاتی پێویست بە ڕێککەوتن و دانوستان، چونکە بڕوایەکی تەواومان هەیە کە چارەسەری سەربازی هیچ سوودێک بۆ گەیشتن بە چارەسەر ناهێنێت.