پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لێدوان لەسەر زوو کۆتاییهێنان بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی فیدان و شەیبانی دەدات
ئۆنجۆ کێچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کە عەتڵێکی تەکنیکی لە بەشی کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجامدرا، ڕوویداوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "لایەنی سووری داوای لێبوردنی لە وەفدە تورکییەکە کردووە بەهۆی ئەم کێشە تەکنیکییەوە."
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، وەفدێکی باڵای تورکیا کە پێکهاتبوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، گەیشتنە دیمەشق.
کێچەلی لە نووسینێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) وتی: "لەکاتی وەڵامدانەوەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ پرسیارێک سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەرتی غەززە، دەنگی وەرگێڕەکە نەگەیشتووەتە بیستۆکەکانی ئامادەبووان لە هۆڵی کۆنگرەکەدا."
ڕوونی کردەوە کە "ئەو بەرپرسە سوورییەی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی دەکرد، بەهۆی ئەم کێشەیەوە وایزانیوە کە وتەکەی فیدان کۆتایی هاتووە، بۆیە زوو کۆتایی بە کۆنگرەکە هێناوە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتیشی: "لایەنی سووری داوای لێبوردنی پێشکەشی وەفدە تورکییەکە کردووە بۆ ئەوەی ڕوویداوە."