پەیامی کورد- ... پڕۆژەیاسایەکی ئەمریکا جەخت لە مانەوەی هەسەدە لە هەر چوارچێوەیەکی داهاتووی سووریا دەکاتەوە
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی "رووداو"ی کوردی کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەیاسایەکی ئەمریکی کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێک بن لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی داهاتووی سووریا، هەروەها داوای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەکات لە سووریا کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بپارێزێت.
کەناڵە کوردییەکە ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایە ئەو نوسخەیەیە کە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندی کردووە. پێشتر ئەنجوومەنی پیران (سینات) نوسخەیەکی دیکەی پەسەند کردبوو، بۆیە دەبێت هەردوو ئەنجوومەن جارێکی دیکە بە هاوبەشی کۆببنەوە بۆ دەنگدان لەسەر نوسخەیەکی یەکگرتوو، تاوەکو نوسخە کۆتاییەکە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی دیکەدا بخوێندرێتەوە و دواتر پێشکەش بە سەرۆک بکرێت بۆ واژۆکردنی.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆژەیاساکە نەخشەڕێگای داهاتووی واشنتنی بۆ قەیرانی سووریا دیاری کردووە و زەمانەتێکی بەهێز بۆ کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سووریا دابین دەکات.
باسی لەوەش کردووە کە پڕۆژەیاساکە، کە بەشێکە لە پاکێجی بودجەی ساڵانەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەرگری، جەخت لەسەر "بەردەوامیی پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ هەسەدە" دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە کە پڕۆژەکە پێنتاگۆن پابەند دەکات بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاشکرا دەربارەی هەزاران زیندانیی ڕێکخراوی "داعش" کە لەلایەن هەسەدەوە دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی پڕۆژەکە "دەبێت پێنتاگۆن هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ دۆخی زیندانەکان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی زیندانییەکان بۆ وڵاتەکانیان، و ئەو مەترسییە درێژخایەنانە پێشکەش بکات کە زیندانەکان دروستی دەکەن، کە فەرماندە ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە ببێتە خاڵی تەقینەوەی دۆخەکە.
هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ڕادەسپێردرێن بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەسەدە وەک هاوبەشی سەرەکی واشنتن دژی "داعش" و کارکردن لەگەڵ ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی "داعش" ئازاد کراون.
بەگوێرەی "رووداو"، پڕۆژەکە دەسەڵاتی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ "گرووپە پەسەندکراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا" تا ساڵی ٢٠٢٦ درێژ دەکاتەوە.
هەروەها دەڵێت: "کۆمەڵێک خاڵ هەن کە دەبێت حکومەتی سووریا جێبەجێیان بکات، ئەوانیش: هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دوورخستنەوەی میلیشیا بیانییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ هەسەدە کراون، لەوانەش ڕێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥ کە هەماهەنگی سیاسی و ئەمنی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دیمەشق لەخۆدەگرێت".