پەیامی کورد... ڕۆژنامەیەک وردەکاریی نامە گۆڕدراوەکانی نێوان وەزارەتی بەرگریی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاودەکاتەوە
ڕۆژنامەی "قودسی عەرەبی"، دوێنێ شەممە وردەکاریی ئەو نامانەی بڵاوکردەوە کە لە نێوان مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا و جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاڵوگۆڕ کراون.
شەممەی ڕابردوو، وەزارەتی بەرگریی سووریا وەڵامی (قەسەدە)ی لەسەر "پێشنیازی وردی چوونە ناو سوپای سووریا" وەرگرت. ئەم پێشنیازە لەلایەن ئەبو قەسرە بۆ عەبدی نێردرابوو، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥، کە ئامانجی تێکەڵکردنی قەسەدەیە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێش کۆتایی ئەمساڵ.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "گرنگترین خاڵەکانی ناو هەردوو نووسراوەکە، دەری دەخەن کە بۆشایی جەوهەری لە دیدگای هەردوولادا هەیە".
پێشنیازەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا (٧ی کانوونی یەکەم):
١. پێکهێنانی سێ فیرقەی سەربازی: حکومەتی دمەشق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێکهێنانی سێ فیرقە بۆ قەسەدە لە پارێزگاکانی ڕەققە، حەسەکە و دێرەزوور (هەر پارێزگایەک و فیرقەیەک).
٢. کێشەی ژمارەی سەربازەکان: هەر فیرقەیەک لە ٥ هەزار شەڕڤان پێکدێت (کۆی گشتی ١٥ هەزار). ئەمە خاڵی ناڕەزایەتییە، چونکە قەسەدە دەڵێت "زیاتر لە ١٠٠ هەزار شەڕڤانی هەیە" و بەپێی پێوەرە کۆنەکان هەر فیرقەیەک بە ٢٠ هەزار دادەنرا؛ ئەم پێشنیازە واتە کەمکردنەوەی هێزەکانی قەسەدە بۆ چارەگێک.
٣. پەیکەری فەرماندەیی: ئەم فیرقانە ڕاستەوخۆ دەخرێنە ژێر چاودێری وەزارەتی بەرگری، و فەرماندەکانیان پلەی "عەمید"یان پێ دەدرێت.
٤. خاڵە پشتگوێخراوەکان: پێشنیازەکە باسی لە "لیستی ناوەکان" نەکردووە کە قەسەدە پێشکەشی کردبوو (بۆ پێدانی پلەی لیوا و عەمید بە ٥٠ ئەفسەریان، لە نێویاندا مەزڵووم عەبدی). هەروەها باسی چارەنووسی "یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)" و "ئاسایش" نەکراوە.
٥. سەروەری و سامانەکان: وەزارەتی بەرگری داوای ڕادەستکردنی دەستبەجێی سنوورەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان دەکات، بەوپێیەی پرسی سەروەری نیشتمانین.
وەڵامەکەی قەسەدە (بە واژۆی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی):
١. پەسەندکردنی فیرقەکان بە مەرج: قەسەدە بنەمای پێکهێنانی سێ فیرقەکەی قبوڵ کردووە، بەڵام مەرجی داناوە کە سێ لیوای سەربەخۆش هەبن: (لیوای پاراستنی ژنان، لیوای دژەتیرۆر، و لیوای پاسەوانی سنوور).
٢. بەشداری لە بڕیاردا: داوایان کردووە ٣٥ ئەفسەری قەسەدە بچنە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی بەرگری و نوێنەری بەردەوامیان لە سەرۆکایەتی ئەرکان هەبێت. هەروەها داوای دەستنیشانکردنی "جێگری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات" کراوە.
٣. پرسی سنوورەکان: قەسەدە ڕادەستکردنی تەواوی سنوورەکانی ڕەتکردووەتەوە و پێشنیازی کردووە مەفرەزە و سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری هەبن و گەڕەکی هاوبەش لەگەڵ "پاسەوانی سنوور" کە خۆیان پێشنیاریان کردووە، ئەنجام بدرێت.
٤. نەوت و ئیدارەی مەدەنی: قەسەدە پێی وایە دۆسیەی نەوت و ڕادەستکردنی دامەزراوەکان بە حکومەتی ڕاگواستن لە دمەشق، پرسێکی سیاسییە و دەبێت لە ڕێڕەوێکی جیاوازدا وتوێژی لەسەر بکرێت، نەک لەناو ڕێککەوتنی سەربازیدا. جەختیشیان لەسەر چارەسەرێکی دەستووریی "نامەرکەزی" کردووەتەوە کە ڕێگە بە خەڵکی ناوچەکە بدات کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن.